کرێکارێکی کورد بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا

14:33 - 29 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری کامیاران، بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوە لە جادەی ساوە- تاراندا، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو، ٢٨ی جۆزەردان، کرێکارێکی کورد بە ناوی \"میلاد مورادی\"، کوڕی سەیفوڵڵا، خەڵکی گوندی \"خامسانـ\"ـی شاری کامیاران، بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوە، گیانی لەدەست دا.

ئەم کرێکارە لاوە، لە جادەی ساوە- تاراندا، بە هۆی وەرگەڕانی ماشین، تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

\"میلاد مورادی\"، بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی بنەماڵەکەی، بۆ کرێکاری ڕووی لە شارەکانی ئێران کردبوو.

بە هۆی نەبوونی کار و زۆریی ڕێژەی بێکاری لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، هاووڵاتییانی کورد بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان، ڕوو لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران دەکەن و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، کرێکارانی کورد دەبنە قوربانیی ڕووداوی کار.