کرێکارێکی سەقزی بەهۆی بێکارییەوە خۆی کوشت

14:48 - 13 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێكی سەقزی بەهۆی هەژاری و دەسکورتی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ١١ی گەلاوێژ، کرێکارێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی \"عەباس فتووحی\"، کوڕی عەبدولقادر، بەهۆی بێکارییەوە، خۆی کوشت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"عەباس فتووحی ماوەی چەند مانگێکە بێکارە و بەو هۆیەوە لە بەنداوی چراغ وەیسی شاری سەقزدا، خۆی خنکاندووە\".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کرێکارە کوردە سەرەڕای سەردانی چەندین شار لە شارەکانی ئێران، هیچ هەڵێکی کاری بۆ نەبووە و ماوەی چەند مانگێک بێکار بووە و بەهۆی دەسکورتی و بێکاری، خۆی کوشتووە.

کۆمەڵناسان لەو باوەڕەدان کە هۆکارە کۆمەڵایەتییەکانی وەک: \"هەژاری، نەبوونی پشتیوانی و بێهیوایی بە داهاتوو\"، بە سەرەکیترین هۆکارەکانی خۆکوژی لەنێو هاووڵاتییاندا دێنە ئەژمار.