٢ کرێکاری کورد حوکمی ١٢ مانگ زیندانیان بۆ بڕایەوە

14:35 - 24 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: ٢ کرێکاری کوردی خەڵکی شاری سنە بە ١٢ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.

شەریف ساعێد پەنا و موزەفەر ساڵح نیا لە ئەندامانی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، هەر کامەیان لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری حوکم دران.

ئەو ٢ کرێکارە کوردە رێکەوتی ٥ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩١ بە تاوانی \"بێ‌ڕێزی کردن بە نیزام\" دادگایی کران و ئەو حوکمەیان بەسەردا سەپا.

\"11983.jpg\"
ماڵپەڕی \"یەکیەتی ئازادی کرێکارانی ئێران بڵاوی کردەوە، ئەو ٢ کرێکارە رۆژی ١٥ی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٠ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و پاش ٢ حەفتە لە زیندان ئازاد کران.

لەلایەکی دیکەوە \"پووریا فەرازمەند\" وێبلاگ‌نووسی خەڵکی شاری کرماشان لەکاتی سەردان بۆ زانکۆی ئەو شارە، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

ناوبراو ئەندامی ستافی کارای بڵاڤۆکی خوێندکاریی \"سیخورمە\" بووە و بە وتەی خوێندکارانی ئەو زنکۆیە تەنیا رەخنەی سیاسی لە وێبلاگ و نوسراوەکانیدا بڵاو دەکردەوە.

هەروەها \"عادڵ جەلالی\" زیندانی سیاسیی کورد، رێکەوتی ٢٧ی رەشەمە کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونیی پەروەندەکەی لە زیندانی ورمێ مانی لە خواردن گرتبوو، پاش ١١ رۆژ، بەهۆی بەڵێنی دانی بەرپرسانی زیندان لەمەڕ بەدواداچوونی پەروەندەکەی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

ئەو زیندانییە کوردەی دانیشتووی شاریی تاران، لە رەزبەری ساڵی ١٣٩٠ لە شاری ماکۆ دەستبەسەر کرا و بە تاوانی \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و بێ‌ڕیزی کردن بە پیرۆزییەکان\" ماوەی ٨ مانگ لە ئیتلاعاتی ئەو شارە لێپرسینەوەی لێکرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە دواتر لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩١ی هەتاویدا بە تاوانی \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا، بەڵام هەتا ئێستا بە تاوانی \"بێ‌ڕێزی کردن بە پیرۆزییەکان\" دادگایی نە کراوە و پەروەندەکەی بە ناڕوونی ماوەتەوە.