کرانەوەی پەرتووکخانەی کوردی لە گوندی گاگەشی خوارێ

11:37 - 28 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: دانیشتووانی گوندی "گاگەشی"ی خوارێ بە شێوەی خۆڕسک و هەروەها بە هاوکاریی چەند ئەنجومەن و فێرگەی زمانی کوردی، کتێبخانەیەکی کتێبی کوردییان کردەوە.

ڕۆژی هەینی، ٢٧ی بەفرانبار،  لە گوندی گاگەشی خوارێ سەر بە مەهاباد، لەلایەن دانیشتووانی ئەو گوندەوە، بە شێوەی خۆڕسکانە و هەروەها بە بەشداریی چەند ئەنجومەن و فێرگەی کوردی، پەرتووکخانەیەکی کوردی کرایەوە.

لەم ڕێوڕەسمەدا وانەبێژی ڕێنووسی زمانی کوردی، "پێشەوا کاردانی" کە ئەرکی پێشکەشکاریی لە ئەستۆ بوو، بە بەخێرهێنانی میوانان و بانگهێشتکردنی مامۆستای ئاوایی مەلا قادر، دەستپێکی کۆڕەکەی ڕاگەیاند.

"کەماڵ شەریف‌ گەیلانی" وەک نوێنەری ئەنجومەنی "ئیزەرتوو "بە پێشکەشکردنی وتارێک، درێژەی بە کوڕەکە دا و گرووپی سروودی گاگەشی باوەمەر بە خوێندنەوەی سروودی "خوایە وەتەن ئاوا کەی"، ڕێوڕەسمەکەی ڕەنگاند.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، "سووسەن حەسەنزادە"، زمانناس و مامۆستای زمانی کوردی، بە نوێنەرایەتیی فێرگەی کوردیی مامۆستا زیرەک، لەسەر چۆنێتیی پەرەپێدانی خوێندنەوەی کتێب بە وردی دوا و بە خوێندنەوەی شێعری بەندیخانەی مامۆستا قانع کۆتایی بە وتارە هەستبزوێنەکەی هێنا.

"ئامانج محەممەدزادە"، بەرپرسی پەرتووکخانەی گاگەشی باوەمەر، بە شیکردنەوەی بارودۆخی دانانی پەرتووکخانەکە، زانیاریی پێویستی دایە دانیشتووان و "ئازاد ئەمینی" بە نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی هیوای زانست و "ئەنوەر ئیسماعیل‌پوور" وەک نوێنەری پەرتووکخانەی ڕووناکیی موکریانی شاری گوێگتەپە، وتاری خۆیان سەبارەت بە گرینگیی بوونی پەرتووکخانە پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

هەروەها گرووپی شانۆی گاگەشی باوەمەر بە سەرپەرشتیی "بایزید جەهانیفەڕ" کە بەیتی سەرەمەڕی مامۆستا هەژاری بە شانۆ ئامادە کردبوو، خستە نێو ئارشیڤی بەڵگەفیلمەکانی خۆی و "مەولوود محەممەدی" بە خوێندنەوەی شێعرێک سەبارەت بە گاگەش ڕازێنەرەوەی ئەو ڕێورەسمەیە بوو.

لە کۆتاییدا "سابیر ژاکاو"، زمانناس و لێکۆڵەری فەلسەفە، لەسەر پێوەندیی نێوان زمان و پەرتووکخانە بەوردی و بە شێوەی فەلسەفییانە دوا.

 پاش ڕێوڕەسمەکە، سەرجەم بەشداربووانی کۆڕەکە بۆ کردنەوەی پەرتووکخانەی گاگەشی باوەمەر و پێشکەشکردنی پەرتووکگەلی بەنرخ لەلایەن ئەنجومەنی هیوای زانست، ئەنجومەنی ئیزەرتوو و فێرگەی کوردیی مامۆستا زیرەک، جوانی و دڵاوایی زیاتریان بە کۆمەڵگا بەخشی.