کتێبی کاکۆ، ئیرادەی ڕاسان لە شار و شاخ چاپ و بڵاو کرایەوە

23:56 - 15 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: کتێبی کاکۆ، ئیرادەی ڕاسان لە شار و شاخ کەوتە بەر دیدی هۆگرانی ڕاسانی شار و شاخ.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٥ی پووشپەڕ، هاوکات لەگەڵ سێیەمین ساڵڕۆژی حەماسەی کۆساڵان و بۆڕیەر شەهیدبوونی کاوە جەوانمەرد و فەرماندە سەرکەوت سەمەدی، کتێبی \"کاکۆ، ئیرادەی ڕاسان لە شار و شاخ\" کە تایبەتە بە ژیان و خەبات و بەشێک لە بەهەرمەکانی شەهید کاوە جەوانمەرد (کاکۆ) لە نووسین و ئامادەکردنی شەریف فەلاح، لە هەولێر چاپ و بڵاو کرایەوە.

کتێبی \"کاکۆ، ئیرادەی ڕاسان لە شاخ و شار\" بەرهەمی سێ ساڵ کار و تێکۆشانی بەردەوامی نووسەر و هاوژینی کاوە جەوانمەرد \"ئاژین رەزابی\"یە کە لە دووتوێی ٤٢٤ لاپەڕی ڕەنگی و بە قەبارەی مامناوەند و بە ئەژماری ٥٠٠ دانە، لە چاپخانەی ڕۆژهەڵات لە شاری هەولێر چاپ و بڵاو کرایەوە.

ئەو کتێبە لە پێنج بەش پێکهاتووە و بەشی یەکەم باسی ژیاننامە و قۆناغ و وێستگەکانی ژیان و خەباتی کاوە جەوانمەرد لە ڕۆژهەڵات لە بوارەکانی چالاکیی مەدەنی، خەباتی سیاسی و ڕێخکستینی نهێنی و بەرگریی قۆناغی گرتووخانە، هاوکات چالاکی لە بوارەکانی ڕۆژنامەنووسی، وەرزشی و هونەری.

بەشی دووەم: قۆناغی دوای زیندان و بوون بە پێشمەرگە، لەم بەشەدا نووسەر جیا لە باسکردنی ناسینی خۆی لەگەڵ کاوە جەوانمەرد بە وردی باسی بڕگە و قۆناغ و ساڵەکانی خەبات و چالاکیی کاوەی جەوانمەردی لە بواری ڕاگەیاندن و دامەزرانی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بوون بە ئەندامی ڕێبەریی حیزب و بەرپرسایەتی لە تەلەفزیۆنی تیشک و تەشکیلاتی ئاشکرا، هاوکات بەشداریی لە قۆناغی ڕاسانی ڕۆژهەڵات، هەتا کاتی شەهیدبوونی لەگەڵ ژمارەیەک لە پێشمەگەکان دەکات.

بەشی سێیەم: ڕوانگەی بنەماڵە، هاوژین و هاوسەنگەرانی لەبارەی کاوە جەوانمەرد. لەم بەشەدا جیا لە وتووێژە لەگەڵ بنەماڵەی کاکۆ و \"ئاژین ڕەزابی\"ی هاوسەری، شەش کەس لە هاوسەنگەر، هاوبەندیی سیاسی و هاوڕێیانی بە دیمانە لە گۆشەنیگای خۆیانەوە لەبارەی ژیان و خەبات و کەسایەتیی کاوە جەوانمەرد قسەیان کردووە.

هەر لە بەشی سێیەمدا ١٥هاوڕێ و هاوسەنگەر کە بەشێکیان لە بواری ڕاگەیاندن و میدیادا قوتابی و هاوکاری کاوە جەوانمەرد بوون، هەرکامەیان بە وتار ڕوانگە و بۆچوونی خۆیان لەبارەی کەسایەتی و ڕوانگە و کاریگەریی ئەو کاوە جەوانمەرد خستووەتە ڕوو.

بەشی چوارەم: لەم بەشەدا بەشێک لە نووسراوە کوردی و فارسییەکانی شەهید کاوە جەوانمەرد چاپ و بڵاو کراونەتەوە، کە بەشێک لە وتارەکان لەلایەن ئامادەکاری ئەم کتێبەوە وەرگێڕادراونەتە سەر زمانی کوردی.

بەشی پێنجەم: بەڵگەی دیکیۆمێنتی و ئەلبوومی وینەکان. لەم بەشەدا هەندێک لە کارە هونەرییەکانی شەهید کاوە (تەڕاحی و کاریکاتۆر) چاپ و بڵاو کراوەتەوە و ٦٤ لاپەڕەی کۆتایی ئەم کتێبەش تەرخان کراوە بۆ بەڵگەی دیکیۆمێنتی و ئەلبوومی وێنە کە بەشێک لە بەڵگە دیکیۆمێنتییەکان کار و چالاکیی کاتی خەباتی ڕێکخستنی نهێنیی کاوە جەوانمەردە لە شاری سنە و لە ناو گرتووخانەکانی حکوومەت و وێنەکانیش تایبەتن بە وێنەی کاتی منداڵی، کاتی بەندکران، وێنەی دەورانی پێشمەرگایەتی و لەگەڵ دایکی و هاژینی خۆیەتی.

نووسەر لە بەشێک لە پێشەکیی ئەم کتێبەدا نووسیویە: \"هەر قۆناغێک لە مێژووی خەبات، شۆڕشگێڕ و نووسەری تایبەت بەو قۆناغە بەرهەم دێنێ، ئەگەر لامان وابێ کە گوتار و \"وێژمانی ڕاسان\" چەند ڕەهەندی و بەرین و ڕوو بە شار و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، دەبێ گشتمان قۆڵی لێ هەڵماڵین و هەرکام لە ئاست و بەپێی شارەزایی خۆمان بێینە مەیدان و بۆی بجەنگین و بۆی بنووسین. نووسینەوەی چیرۆکەکانی پشت ڕاسان، نیشانەی نەمریی ئەم گوتارەیە و ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەم گوتارە ڕۆ چۆتە ناو توێژە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەوە و نەوەکانی داهاتوومان لە ڕابوونی ئەمڕۆمان ئاگادار دەبن\".

کاوە جەوانمەرد یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی دامەزرێنەری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردستان(کوردپا) بوو کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە جێگیر کردن، فۆڕم پێدان و بەردەوام بوونی ئەو ئاژانسە سەربەخۆیە بووە.

ئەو ڕۆژنامەوانە بە پێشینەیە سەرەڕای ئەوەیکە ئەندام و چالاکی خۆی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیون بەڕێوە دەبرد، هەروەها پێداگری لە سەر پاراستن و سەربەخۆیی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ورد و دروست دەکرد و بە گشتگیرتر کردنی هەوڵی پەیوەندیداری کوردستانی ئێران بە ئامانجی ئیستراتیژێکی کوردپای دەزانی.

کاوە جەوانمەرد خاوەنی بەڵگەی بڕواپێکراوی نێونەتەوەیی لە بیاڤی ڕۆژنامەوانی‌دا بوو. ماوەی ساڵانی ١٣٨٣ و ٨٤ی هەتاوی لەگەڵ حەوتوونامەی \"کەرفتوو\" هاوکاری کردبوو.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی ناوبراوی لە دوو دۆسیەی جیاجیادا بە تۆمەتی \"دژایەتی لەگەڵ خوا\" بە ٥ ساڵ زیندان و دوورخستەوە بۆ زیندانی مەراغە حوکم دابوو.

١٨ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی دەفتەری سیاسیی حیزب، شەهیدبوونی کاوە جەوانمەرد لە شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران لەگەڵ پێشمەرگەکانی ڕاگەیاندبوو.