کتێبی \"هیچ هاوڕێیەک جگە لە شاخەکان\" دەکرێتە کوردی

13:59 - 28 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: کتێبی \" هیچ هاوڕێیەک جگە لە شاخەکان\" لە لایەن \"هاشم ئەحمەدزادە\"وە وردەگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی.

\"هاشم ئەحمەدزاده\" لێکۆلەر و نووسەری کورد لە لاپەرەی فەیسبووکی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە: \"دوای چەند ڕۆژ گفتوگۆ لەگەڵ کاک بێهرووز بووچانی گەیشتینە ئەم ئەنجامە کە من شانازیی وەرگێڕانی کتێبەکەیم لە زمانی ئینگلیسییەوە هەبێت. لێرەوە حەز دەکەم هەموو هۆگرانی بەرهەمە ناوازەکەی کاک بێهرووز ئاگادار بکەمەوە کە من ئەم ئەرکەم وەئەستۆ گرتووە و هیوادارم سەرەڕای سەرقاڵی و کاری ترم، بتوانم لە کاتێکی شیاودا و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک ئەم ئەرکەش ڕاپەڕێنم\".

\"\"هاشم ئەحمەدزاده، لێکۆلەر و نووسەری کورد
ئەحمەد زادە لە درێژەدا نووسیویەتی: \"کارەکەی بێهرووز و گێڕانەوەی ئازاری مرۆڤی ئەم سەردەمە، شایانی هەموو ئاوڕلێدانەوەیەکە. گێڕانەوەکەی بێهرووز دەبێ بچێتە کتێبخانەی ماڵی هەموو کوردێکەوە\".

بێهروز بووچانی، نووسەری ڕۆمانێک لەژێر ناوی \"هیچ هاوڕێیەک جگە لە شاخەکان\" ە کە توانی دوو خەڵاتی بەناوبانگی نێونەتەوەیی بە دەست بێنێت.

بێهروز بووچانی ڕۆژنامەنووس و نووسەری کورد خەڵکی شاری ئیلامە، کە ماوەی نزیکەی ٦ ساڵە، لە دوورگەی مانۆسی وڵاتی ئوسترالیا دەژیت،

بێهرووز بووچانی نزیکەی شەش ساڵ له‌مه‌و‌به‌ر تووشی گرفت بووە و کوردستانی ئێرانی بەجێهێشتووە. له‌م شەش ساڵەدا له سه‌ر ئه‌م که‌مپه کاری ڕۆژنامه‌وانی و مافی مرۆڤی کردووه و لە ڕۆژنامه نێونه‌ته‌وەییەکانی وەک ڕۆژنامەی \"گاردیه‌ن\" و \"هافینگتون پوست\" بابەت نووسیوە.