کتێبخانەی کۆچەر بیرکار لە گوندی \"مەرخوز\"ی شاری سەقزدا کرایەوە

16:02 - 17 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: کتێبخانەی \"کۆچەر بیرکار\"، لە لایەن ئەنجومەنی هیوای زانستی شاری سەقزەوە، لە گوندی \"مەرخوز\"ی ئەو شارەیەدا، کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی جۆزەردان، ئەنجومەنی هیوای زانستی شاری سەقز، کتێبخانەی \"کۆچەر بیرکار\"یان بۆ هۆگرانی خوێندنی کتێبی کوردی لە گوندی \"مەرخوز\"ی ئەو شارەدا کردەوە.

لە ڕێورەسمی کرانەوەی ئەو کتێبخانەیەدا، پەیامی کۆچەر بیرکار، لە لایەن \"عادڵ درەخشانیـ\"ـیەوە، خوێندرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، باوکی کۆچەر بیرکار، لە کاتی کرانەوەی ئەو کتێبخانەیەدا، چەند وتەیەکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، وتاری شاعیران و نووسەرانی بەشداربووی کرانەوەی کتێبخانەی گوندی مەرخوز، پێشكەشی ئامادەبووانی ئەو ڕێوڕەسمە کرا.

ئەم کتێبخانەیە، لەژێر ناوی \" کۆچەر بیرکار\" کرایەوە و لەم پەیوەندییەدا، کۆڕێکی فەرهەنگی- ئەدەبی بۆ شاعیران، هونەرمەندان و نووسەرانی دانیشتووی ئەو گوندەیە، بەڕێوەچوو.

ئەم ڕێوڕەسمە پاش دوو کاتژمێر، کۆتایی پێهات.

پێشتریش لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ۱۱ی بانەمەڕی ۱۳۹۸ی هەتاوی، ڕێکخراوەی هیوای زانست، بە ئامادەبوونی هۆگرانی چاند و کەلەپووری کوردی، کتێبخانەی \"ژیلا حسەینیـ\"ـیان لە گەڕەکی حەماڵاوای سەقزدا کردەبووەوە.