کاڕن هۆڕنای و نیزامیی جێی شانازی

15:30 - 8 پووشپەڕ 2719
Unknown Author
عەلی قاسمی

کاڕن هۆڕنای (۱۹٥۲ - ۱۸۸٥) یەکێک لە یەکەمین ژنانی دەروونشیکارە و هەرچەند بە ڕەچەڵەک ئاڵمانی بووە بەڵام زیاتری تەمەنی لە ئامریکا بەسەر بردووە. هاتنە سەرکاری فاشیستەکانی نازی بوو بە هۆی ئەوەیکە بەشی هەرە زۆری بلیمەتەکانی ئاڵمان ڕابکەن، بە شێوەی گشتی دیاردەی ڕاکردن و کۆچی زۆرەملی بلیمەتەکان، یەکێک لە دەرهاویشتەکانی نیزامە توتالیتێر و فاشیستەکانە، بلیمەتەکان، خەڵکانی خاوەن بیر و ئەندێشەن و بۆ بەرهەمهێنانی کاری فکری و داهێنان، پێویستیان بە فەزایەکی کراوە هەیە، بەڵام پاوانخواز و فاشیستەکان کێشەی زۆریان دەگەڵ ئازادبیرکردنەوە و فەزای کراوە هەیە و بە فەرمی دژایەتی دەکەن، ئەوان دەڵێن دەبێ ئازاد بیر بکەینەوە، بەڵام لە چواچێوەی بیری پێشەوادا.

سرووشتییە لە وەها سیستمێکدا بەیانی ئازادی بیر و ئەندێشە وەک تاوان چاوی لێدەکرێ و بلیمەتەکانیش ناتوانن دەگەڵ وەها هەلومەرجێک ڕابێن. هەر بۆیە دوای هاتنە سەر کاری حیزبی نازی، بلیمەت و هەڵکەوتەگەلی وەک زیگمۆند فڕۆید، کاڕن هۆڕنای، ئیریک فرۆم، ئانشتاین، ژاکوب مۆنرۆ، هانا ئارێنت و ئانا فڕۆید، ئاڵمان و ئۆتریشیان جێهێشت و کاڕێڵ یاسپێرس و ڤیکتۆریا فڕانکێڵ - یش کە مانەوە، کەوتنە ژێر فشار و جەختێکی ئێگجار زۆرەوە.

بە باوەڕی هۆڕنای هەر کۆمەڵگایەک خاوەن سیستم و نیزامێکی جێی شانازییە، کە وێنەیەکی ئارمانی و ئیدئال کە ئاکامی مێژوو، کلتوور و سیستمی سیاسییە لە وجوودی مرۆڤەکاندا چێ دەکا و تاکەکان تێدەکۆشن خۆیان لەو وێنە ئیدئالە نیزیک بکەنەوە تا بەڵکوو بتوانن هەم بۆخۆیان مایەی شانازی بێ و هەمیش شانازی بەسەر خەڵکانی ترەوە بکەن. لێرەدا ڕەنگە بتوانین نیزامی \"جێی شانازی\" هۆڕنای وەکوو \"هیژموونیی کلتووری\" ئانتۆنی گڕامشی چاولێبکەین.

هۆڕنای دەڵێ نیزامی جێی شانازی ئێمە لەگەڵ ڕەسەندارێتی نامۆمان دەکا و لە جێگەی هەنگاونان بۆلای خۆی ڕاستی، بەرەو خۆی ئیدئالی بازاڕ و بازاڕیبوون پاڵمان پێوەدەنێ، لەبەر ئەوەش ناوی خۆئیدئالی بازاڕیمان لەسەر داناوە، چوونکە ئەم ڕۆڵە کۆمەڵایەتییە، بازاڕی ساتوسەودای زۆر گەرمە و کەسانێک بە خۆنیزێک کردنەوە لەم مۆدێلە، سەرمایەی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان پەرە دەگرێ و دەرفەت و ئیمکانی باش و زیاتر بۆ وەدەستخستنی دەسەڵات، ناوبانگ، سامان و خۆشەویستی وەچەنگ دەخەن؛ بەڵام هۆڕنای ڕای وایە گەر ئێمە هاوتەریب دەگەڵ وەچەنگخستنی خۆی ڕاستی نەچینە پێش، وەچەنگخستنی ئەو دەسەڵات و سامان و ناوبانگە، ناتوانێ تێکەڵ بە ڕەزایەت بێ و لە ئاکامدا لە سەرووترین ئاستەکانی سەرکەوتنی کۆمەڵایەتیدا ناڕازی و خەمۆک دەبین و ئاکامی نەرێنی لێدەکەوێتەوە.

ڕاست یا هەڵەبوونی بۆچوونەکانی کاڕن هۆڕنای بەستراوەتەوە بە ڕادەی قەبووڵی دەروونناسیی ئۆمانیستی و ئیگزیستانسیاڵ، لە لایەن ئێمەوە.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.