کانێکسنشینەکانی سەرپێڵ، جاددەی سەرەکیی ئەو شارەیان بەست

14:34 - 31 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە ١٠٠ بنەماڵەی لێقەوماوی بوومەلەرزەی شاری سەرپێڵی‌زەهاو، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ چۆڵکردنی شوێنی نیشتەجێبوونیان، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی پووشپەڕ، بنەماڵەی لێقەوماوانی بوومەلەزرەی شاری سەرپێڵی‌زەهاو، کە زیاتر لە ١٠٠ بنەماڵە دەبن، بە هۆی گوشاری شارەداریی ئەو شارە، بۆ چۆڵکردنی شوێنی نیشتەجێبوونیان، ناڕەزایەتییان دەربڕی و جاددەی سەرەکیی ئەو شارەیان داخست.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: شارەداریی شاری سەرپێڵێ‌زەهاو، گوشاری خستووەتە سەر ئەو بنەماڵانە کە لە پارکی جەنگەڵی ئەو شارەدا نیشتەجێن کە دەبێت هەرچی زووتر ئەم شوێنە چۆڵ بکەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: شارەداری هۆکاری گوشار خستنەسەر بنەماڵەکان بۆ چۆڵکردنی ئەو شوێنەی، بۆ تێکدانی شیرازەی شار گەڕاندووەتەوە!

سەرچاوەی کوردپا هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە هاووڵاتییان بە شارەدارییان ڕاگەیاندووە، هەنووکە جگە لەم شوێنە، شوێنی دیکەمان بۆ نیشتەجێبوون نییە ، پاش هاوین ئەم شوێنە بەجێ دێڵین، بەڵام مەئموورانی شارەداری قەبووڵیان نەکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی داخستنی جاددەی سەرەکیی ئەو شارە لە لایەن خەڵکەوە.

بنەماڵەی لێقەوماوانی شاری سەرپێڵی‌زەهاو لە نامەیەکدا بۆ شارەداریی ئەو شارە نووسیوویانە، تا پاش تەواوبوونی وەرزی هاوین و دۆزینەوەی شوێنێک بۆ نیشتەجێ بوونمان، ئەم شوێنە بە جێ ناهێڵین.

دوای تێپەڕینی نزیک بە دووساڵ بەسەر ڕوودانی بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشاندا، خەڵکی لێقەوماوی ئەم پارێزگایە، سەرەڕای بەڵێنەکانی بەرپرسانی حکوومەتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەم ناوچانە بە ڕێژەی ٩٥ لەسەد، هێشتا لە ناو کانێکس و چادردا دەژین.