کاسبکارێکی کورد لە شاری سەردەشت بریندار بوو

15:04 - 23 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، لە شاری سەردەشت بریندار بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی گەلاوێژ، کاسبکارێکی کورد بە ناوی \"سادر باپیری\"، کوڕی \"مەحموود\"، خەڵکی گوندی \"قەڵاڕەشـ\"ـی شاری سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان، پێکرا.

ئەو کاسبکارە کوردە لە ناوچەی باژاڕی سەردەشت کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان و بەهۆی قووڵیی برینەکەیەوە، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری ورمێ کراوە.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، ئەم کاسبکارە کوردەیان بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، داوەتە بەر دەسڕێژیی گولـلە.

لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی گەلاوێژ، کاسبکارێکی کورد بە ناوی \"سەعید حەسەنپوور\"، تەمەن ٤٤ ساڵ، خەڵکی گوندی \"کانی ڕەشـ\"ـی شاری شنۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران، گیانی لەدەست دا.