ڤەژین: لە هەمبەر لەنێوبردنی دارستانەکانی مەریوان، چیدیکە بێدەنگ نابین

14:52 - 24 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی فەرهەنگی ـ هونەریی ڤەژین، لە ڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانیی خۆی لە هەمبەر لەنێوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس دەربڕی.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووه: هەمووان باش دەزانن کە ماوەیەکی زۆرە دارستانە بێوێنەکانی شاری مەریوان به شێوەی سیستماتیک و باوەڕپێنەکراو لە لایەن هەندێک کەسی هەلپەرەست و مافیای دارەوە کەوتوونەتە بەر تاڵانکردن و لەنێوچوونەوە. بەداخەوە ئەم جەنایەتە بێوێنەیە لەگەڵ دارستانەکان و زەوییەکاندا، بەوپەڕی خەمساردییەوە و لە سێبەری بێدەنگیی پرسیارهێنەری ئیدارە و ڕێکخراوە بەرپرسەکاندا بووەتە کارێکی ئاسایی.

ئەنجومەنی فەرهەنگی ـ هونەریی ڤەژین، لەم ڕاگەیەندراوەدا زیادی کردووە: ئێمە لێبڕاوانە بڕیارمان داوە، لە بەرانبەر ئەم جەنایەتەدا به کەڵکوەرگرتن لە بژاردەی یاسایی و هەنگاوی بنەڕەتی و زانستی چالاکی بکەین و بێگومان، ئیتر بێدەنگی بۆ خۆمان بە ڕەوا نازانین و هاوتەریب لەگەڵ ئەم ڕاگەیەندراوە بیر له بژاردەی یاسایی و زانستیی گونجاو بۆ ئەم پرسە دەکەینەوە.

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە، دەقی تەواوی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی فەرهەنگی ـ هونەریی ڤەژین لە بەشی فارسی کوردپادایە.