ژینگەی گوندەکانی لەیلاخ بە بیانووی بوونی \"کانگا\"، تێک دەدرێت

16:09 - 12 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: شاخەکانی بڵواناوا و گوندەکانی دەوروبەری، بە بیانووی بوونی \"کانگاکان\"، لە لایەن تیمێکی ئیسفەهانییەوە، کاول دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شاخەکانی گوندەکانی: \"بڵواناوا، سوورمەڵێ، خۆرەتاوی گەورە و خۆرەتاوی چووکە\"، لە لایەن سپای پاسدارانەوە، بە بیانووی بوونی \"کانگا\" لەو شاخانە، ڕادەستی گرووپێکی ئیسفەهانی کراوە و ئەمەش ناڕەزایەتیی دانیشتووانی ئەو گوندانەی لێکەوتووەتەوە\".

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"سپای پاسداران نزیکەی یەک مانگ دەبێت کە ئەم شاخانەی بە بیانووی بوونی کانگا، ڕادەستی ئەو گرووپە ئیسفەهانییە کردووە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها زیادی کرد: \"ناڕەزایەتیی دانیشتووانی گوندەکانی لەیلاخ، بەتایبەتی گوندی بڵواناوا، بوو بەهۆی پێکدادان و تەنانەت دەسبەسەرکردنی چەند هاووڵاتییەک و لە پاش ڕۆژێک ئازاد کران\".

سەرچاوەی کوردپا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا وتی: \"هاووڵاتییانی گوندی بڵواناوا، بە هاوکاریی ئەنجومەنی سەوزی چیای بڵواناوا، بە ڕێپێوان و بە دروشمی \"سوورمەڵێ دەتپارێزین\"، دەستیان بە ڕێپێوان کردووە و ئەم کردەوەیان مەحکووم کردووە\".

دانیشتووانی گوندەکانی بڵواناوا و دەورووبەری، داوایان لە هاووڵاتییانی کوردستان کردووە کە پشتیوانیی خۆیان لە دانیشتووانی ئەو گوندانە دەرببڕن و ئەم کردەوەی سپای پاسداران کە دەبێتە هۆی تێکدانی ژینگەی ئەو ناوچەیە مەحکووم بکەن.

یەکێک لە دانیشتووانی گوندی بڵواناوا بە ئاماژەدان بەو هەوڵەی سپای پاسداران وتی: \"مەبەستی سپای پاسداران، چۆڵکردنی گوندی بڵواناوا، لە لایەن دانیشتووانی ئەو گوندە و گوندەکانی دیکەیە\".

ئەو هاووڵاتییە هەروەها گوندی \"مەیموون ئاوا\" بە نموونە دەهێنتەوە کە شاخەکانی ئەو گوندەیان بە بیانووی بوونی \"کانگا\" تێکداوە و ئەمە بووە بەهۆی چۆڵکردنی ئەو گوندە لە لایەن دانیشتووانیەوە.

ناوبراو کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: \"گرووپە ئیسفەهانییەکە پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە ئەم شاخانە گرێبەستیان هەیە و هەر ئەم کارە ئەنجام دەدەن\".