"ژینا"ی کوردستان و "مەهسا"ی ئێران

10:23 - 21 خەزەڵوەر 2722
Unknown Author

جەماڵ ڕەسووڵ دنخه

کۆتایی هاوینی ئەمساڵ هاوێنێکی مێژوویی بوو. بە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بە دەستی گەشتی ئیرشاد لە تاران ساتێکی مێژوویی لە مێژووی گەلانی ئێراندا تۆمار کرا. کۆتایی ئەو هاوینە بوو بە هۆی ئەوەیکە شۆڕشێک ڕوو بدات. شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لەسەر دەستی خەڵک بەتایبەتی لەسەر دەستی ژنان.

ئەمڕۆ نزیک بە دوو مانگە کە ئەو شۆڕشە گەرموگوڕتر لە ڕۆژانی یەکەم بەڕێوە دەچێت، خەڵک بە ڕوانگەیەکی ئاوەڵاتر لە شەقامەکانن. هیچ نەتەوەیەکی جوغرافیای ئێران ئەوی دیکە بە بیانووی داکۆکی لە مافی خۆی تاوانبار ناکات بەڵکوو پشتیوانیی یەکتریش دەکەن.

لە تەورێز هەتا کوردستان، لە تاران هەتا زاهیدان و لەوێشەوە هەتا کوردستان جوغرافیای ئێران یەکدەست و یەکگرتوو دژی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ڕژاونەتە سەر شەقامەکان. دروشمەکانیش یەکدەستن لە ژن، ژیان، ئازادی بگرە هەتا باقی دروشمەکانی دیکە کە ناورۆکەکەی یەکگرتووییە.

لاوانی شۆڕشگێڕ لە شەقامەکانی چێ دەڵێن؟

لە کوردستان، ئازەربایجان، ئه‌حواز، بەلووچستان و تاران لاوان داخوازیی نەمانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن. هەتا ئێستا نەبووە کە کەسێک دروشمێک بدات کە بەپێچەوانەی ویستی خەڵک بێ و ئەگەر هەبووبێتیش لەلایەن خەڵکەوە سەرکۆنە کراوە. زۆر کەس کە ویستوویەتی دروشمەکان بەلاڕێدا ببدات خەڵک بە دروشمی "مرگ بر سمتگر چه شاه باشه چه رهبر" وڵامی پێویستیان بەو کەسانە داوەتەوە.

لەلایەکی دروشم‌نووسین لە گوندەکانەوە بگرە هەتا سەر دیواری قوتابخانە و کۆڵان و شەقامەکان هەمووی باسکردنە لە ویستی خەڵک. لە هەمووی بەرچاوتر نووسینی دروشمی "انقلاب مهسا، این اعتراض نیست انقلابە".

لە کوردستان و بەلووچستان دۆخەکە زۆر هەستیارترە و دۆخی شۆڕش لە سنە بە جۆرێکە کە جیهان دانی پێ داناوە کە دەبێ پشتیوانی لە سنە بکرێت. دروشمی "بژی ئازەربایجان و یاساشن کوردستان" دراوەتەوە.

لە بەلووچستان کاتێک بانگەواز درا کە بۆ چلەی شەهیدانی زاهیدان خەڵک مان بگرن لە شارەکانی کوردستان بەتایبەتی سنە مانگرتن لە ئاستێک دابوو کە نەتەوەی بەلووچ ڕایانگەیاند هیچ کات ئەو پشتیوانییەی کوردستانمان لەبیر ناچێتەوە. "تپاکی کوردستان لە بەلووچستان".

کاتێک ژینا شەهید کرا و ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕایانگەیاند کە بۆ مەحکوومکردنی ئەو جینایەتەی ڕێژیم ئێران خەڵك ناڕەزایەتی دەرببڕن هیچ کات حکوومەتی ئێران باوەڕی نەدەکرد کە خەڵک ئاوا یەکگرتووانە بێنە سەر شەقام. لە ئاستی جیهانیدا پشتیوانی لێ بکرێت، هونەرمەندان، وەرزشوانان، سینەماکاران، یاریزانان لە ئاستی جیهاندا پشتیوانی لە خەڵک ڕاپەڕیوی ئێران بکەن.

لە هەمووی جێگای سەرنجتر ئەوەیە کە تەنانەت تیمی میللیی فوتباڵی ئێران لە یاری لەگەڵ نیکاراگۆئە تیمی واترپلۆ لە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەردا سروودی میللیی ئێرانیان نەوتەوە. نەوتنەوەی سروودی میللیی ئێران بوو بەهۆی ئەوەیکە تەنانەت خودی حکوومەتی تاران هەڵویست بگرێت و بڵێت دەبێ ئەو کەسانە سزا بدرێن.

لە تاران سینەماکاران و هونەرمەندانی فارس بە نووسینی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بە زمانی کوردی پشتیوانیی خۆیان لەو خۆپیشاندانانە و خەڵكی ئێران دەربڕی.

لە مزگەوتەکان ژنان و کچانی شۆڕشگێڕ لەسەر بڵیندگۆ داوا لە خەڵک دەکەن بڕژێنە سەر شەقامەکان و لە تاران خەڵک لە شەقامەکان دەڵێن هەموومان پێکەوەین. مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان سروودی شۆڕشگێڕانە دەڵێنەوە و لە سەر گڵکۆی شەهیدانیش بە ڕاشکاوی دەڵێن درێژەی بە ڕێبازی شەهیدان دەدەین.

لە زانکۆکانیش خوێندکاران بە هەر جۆرێک کە دەتوانن پەیوەست بە مانگرتن و خۆپیشاندانەکان بوونە. ڕێژەی دەسبەسەرکرانی خویندکاران لە زانکۆکان باس لەوە دەکات کە زانکۆکان بوونەتە سەنگەرێکی ئازادی.

نووسینی دروشم لە زانکۆکان و خەوتنگەکان و وتنەوەی سروود لەلایەن خوێندکاران بووەتەوە هۆی ئەوەیکە سەرنجی خەڵک و تەنانەت جیهان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.

لە بواری مافی مرۆڤییەوە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار پشتیوانی خەڵکن و هەتا ئێستا لە ئورووپا چەندین کاربەدەستی حکوومەتی تاران تەحریم کراون کە چەندین کەس لەوانە فەرماندەی هێزی ئینتزامی لە شارەکانی بۆکان، سەقز، بۆکان و دیواندەرە بوونە.

گەمارۆکانی ئورووپا تەنانەت ناوەندە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتیشی لەخۆوە گرتووە و یەکیەتیی ئورووپا لەبەردایە کە گەمارۆی زیاتر دژی حکوومەتی ئێران بە مەبەستی پشتیوانی لە خۆپیشاندەران پەسند بکات.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای کردووە بۆ پێشگرتن لە جینایەتەکانی حکوومەتی ئێران دژ بە خۆپیشاندەران جیهان هەڵوێست بگرێ.

لە جینایەتەکانی حکوومەتی ئێران کە ڕەوشتی هۆڤانەی ئەو ڕێژیمە دەردەخات ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ تەقە لە منداڵان دەکات و هەتا ئێستا چەندین منداڵ شەهید بوونە. قوتابییەکانیش تەنانەت لە سەرکوتی هێزه سەرکوتکەرەکانی حکوومەتی ئێران نەپارێزراون و هێرش دەکەنە سەر قوتابخانەکان و لە قوتابییان دەدەن.

ئەمڕۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی خۆپیشاندانەکان دەکات خەڵکە؛ خەڵک خۆیان ڕێکخستن دەکەن و بە شێوەیەکی زۆر مەدەنییانە لە خۆپیشاندانەکانیان بەردەوامن مێژوو گەیشتووەتە شوێنێک کە خەڵک بڕیاریان داوە هەتا بە ئاکامی خۆیان کە ڕووخانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە  نەگەن واز لە خۆپیشاندانەکانیان ناهێنن.

ئەوەی ئەمڕۆ نوێنەرایەتیی خەڵکی ئێران دەکات شەقامەکانن؛ سەکۆی شەقامەکان دەنگی ڕاستەقینەی خەڵكە و ئەوەی خەڵک داوای دەکات و خوێنی بۆ دەدات پشتیوانیی لێ دەکرێت.

ناوی ژینا بووەتە ڕەمزێک بۆ بەرخۆدان دژی دەسەڵاتی ئێران. دەنگی شەقامەکان بیستراوە و دنیا دەزانێت کە ویستی خەڵکی خۆپیشاندەر چییە. شەقامەکان باس لەوە دەکەن "ژینا"ی کوردستان و "مەهسا"ی ئێران بووەتە سەمبوولی یەکگرتوویی و یەکدەنگیی خەڵكی ئێران دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.