ژنە هاووڵاتییەکی کورد پاش ١٠ ڕۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا

11:30 - 21 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: ژنە هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری بۆکان، بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خەرمانان، ژنە هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "بەیانە کەریمی" تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی گوندی "داربەسەر"ی شاری بۆکان و کە لە گوندی "حاجی کەندی"ی ئەو شارە شووی کردبوو، بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی، دەستی دایە خۆسووتان.

ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە، ١٠ ڕۆژ پێش، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو و بە هۆی ڕێژەی سووتاوییەکەوە، ڕۆژی ڕابردوو، لە نەخۆشخانەی بۆکان، گیانی لە دەست دا.

بەیانە کەریمی کوڕێکی تەمەن چوارساڵەی هەیە.

چالاکانی مافی ژنان سەبارەت بە خۆسووتاندنی ژنان دەڵێن: "ئاماری خۆسووتاندنی ژنان ڕوون نیە و هۆکاری خۆسووتاندن بۆ کێشەکانی وەک زۆریی حەشیمەت و پێکهاتە ناشیاوەکان، هەژاری ئابووری، بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان، داب و نەریت و باوەڕە هەڵەکان لە کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە".