ژنە هاووڵاتییەکی سەردەشت، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا

15:53 - 3 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ژنە هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە، هانای بۆ خۆسووتاندن برد.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی پووشپەڕ، ژنە هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"شوکری سوارە\"، خەڵکی شاری ڕەبەت، سەر بە شاری سەردەشت، دەستی دایە خۆسووتاندن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ژنە هاووڵاتییە کوردە، بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە دەستی داوەتە خۆسووتاندن و بە هۆی زۆریی ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری ورمێ بۆ چارەسەریی پزیشکی کراوە.

لەم پەیوەندییەدا، ژنە هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار، بە ناوی \"ڕووناک گوڵابی\"، کچی عەبدوڵڵا، پاش تێپەڕینی دوو حەوتوو لە خۆسووتاندنەکەی، بە هۆی زۆریی ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە، لە نەخۆشخانەی ورمێدا گیانی لەدەست دا.

\"پەروین زەبیحی\"، چالاکی ژنان لە مەریوان، لە لیدوانێکدا بۆ ڕادیۆ فەردا، هەژاریی فەرهەنگی و ئابووریی بە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی خۆکوژی لە کۆمەڵگەدا لە قەڵەم دا و ڕایگەیاند: \"هەژاریی فەرهەنگی لە هەر کۆمەڵگەیەکی باوکسالار و چینایەتیدا، هۆکارەکانی زیادبوونی خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو خۆسووتاندنە\".

هەتاکوو ئێستا ئاماری فەرمی لەمەڕ خۆکوژی و خۆسووتاندنی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە بەردەستدا نییە.