ژنێکی رزگاربووی هێرشی چەکدارانی داعش، باسی کۆمەڵکوژی و دۆخی ئاوارەکان لە شنگال دەکات+وێنە

14:22 - 21 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: بارودۆخی لێقەوماوان و ئاوارەبوانی شنگال و گوندەکانی دەورووبەری رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو خراپتر بوون دەچێت و لە شاخی شنگال کارەساتی مرۆیی بەردەوام لە ئارادایە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی شایەتحاڵانی خەڵکی شنگال و ئاوارەبووانی ئەو ناوچەیە، لەشنگال و گوندەکانی دەوربەری هاووڵاتییانی ئیزەدی، بەدەستی چەکدارانی داعش کۆمەڵکوژ کراون.

\"21378.jpg\"
هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لەگەڵ شایەتحاڵێک، کە لە کەمپی \"باددا کاناڵ\"ی شاری دهۆک گیرساوەتەوە، دیمانەیەکی پێکهێناوە، کە باس لە چۆنیەتیی دەربازبوونیان و هەروەها ئەو کەلوپەلانەی کە ئاوارەبوان پێویستیانە، دەکات.

ژنێک کە شایەتحاڵی کارەساتی کوشتنی هاووڵاتییان بووە، دەڵێت؛ کاتێک چەکدارانی داعش هاتنە نێو گوندەکە، دانیشتوانەکەی چۆڵیان کرد و لە دەروازەی گوندەکەوە هەڵدەهاتن، من و کوڕەکەشم کە لە ترسان لە ئاودەستی ماڵەوەدا خۆمان شاردبوویەوە، بینیمان کە چەکدارێک بە چەکی (بی‌کەی‌سی)یەوە لە دەروازەی گوندەکا دانیشتووەو هەر کەسێک دەیهەوێ لەوێوە هەڵبێت، تیربارانی دەکرد.

ئەو ژنە گوتیشی: دواتر تەرمەکان و هێندێک کەسیش کە بریندار کرابوون، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بە لۆدێر خرانە ژێر گڵ و زیندە بەچاڵ کران.

\"21373.jpg\"
هەر لەو پەیوەنەدییەدا محەمەد شیاع سوودانی، وەزیری مافی مرۆڤی عێراق لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە؛ بەپێی ئەو بەڵگە باوەڕپێکراوانەی کە لە رێگەی ئەو کەسانەوە لە مردن رزگارییان بووەو بە دەستیان گەیشتووە، چەکدارانی داعش لانیکەم ٥٠٠ کوردی ئیزەدییان کوشتووە، کە بەشێکیان ژن و منداڵ بوون و زیندە بەچاڵ کراون.

ئەو ژنە دەربازبووە ئەوەشی ئاشکرا کرد، ژمارەیەک ژن و کچییش، کە دەیانویست لە گوندەکە دەرباز بن، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بە دیل گیران، ئیدیعایەک کە وەزیری مافی مرۆڤی عێراقیش ئاماژەی پێکردووە، کاتێک چەکدارانی داعش هاتوونەتە شنگال ٣٠٠ کچ و ژنی کوردی ئیزەدییان وەک کەنیزە لەگەڵ خۆیاندا بردووە.

ئەو ژنە کە نەیویست ئاماژە بە ناوەکەی بکرێت، گوتیشی، ژمارەیەک کەسیش لە گوندەکاندا مابوونەوە، کە لەلایەن هێزەکانی پەکەکەوە رێگەیەکیان بۆ کرایەوەو لە دەستی چەکدارانی داعش رزگار کران و ئاودیوی سنوورەکانی کوردستانی سووریا کران.

\"21376.jpg\"
شەوکەت بەربەهاری بەڕەێوەبەری خاڵی سنووریی فیشخابوور لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵنێری کوردپا، ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی ٦ رۆژی رابردوودا ٦٠ هەزار هاووڵاتیی ئیزەدی ئاودیوی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بوون.

بەپێێ ئامارەکان هەتا ئێستا ٣٠٠ هەزار هاووڵاتیی کوردی ئیزەدی ئاوارە بوون و زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس لە ئاوارەبوانی شنگال و دەورووبەری کە لە ترسی چەکدارانی داعش روویان لە چیای شنگال کردبوو، هەتا ئێستاش لەو چیایە بەبێ هەموو ئیمکاناتێکی دەرمانی، خواردەمەنی و ئاو، ماونەتەوە.

\"21375.jpg\"
ئەو بەرپرسە گوتیشی، هاووڵاتییانی ئیزەدی لە ترسی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی بە ناچاریی لە چیای شنگالەوە روو دەکەنە کوردستانی سووریا و لەوێشەوە بە خاڵی سنووریی فیشخاپووردا دێنەوە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و لە کەمپ و قوتابخانەکان و هەروەها ئەو پرۆژە بیناسازییانەی کە لە حاڵەتی دروست کردندان، نیشتەجێ دەبن، کە هەتا ئێستاش خەڵکانێکی یەکجار زۆر ماون بگەنە هەرێمی کوردستان.

\"21379.jpg\"
سالار عەبدولمەجید عەزیز، بەڕێوەبەر و بەرپرسی کەمپی باددا کاناڵیش، کە لە ئوستانی دهۆکە، لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ هەواڵنێری کوردپا، باسی لە کارەساتباربوونی دۆخی ئاوارەبوانی نێو کەمپەکە کردو رایگەیاند؛ نزیک بە ١٦ هەزار کەس لە هاووڵاتییانی ئاوارەی ئیزەدی لەم کەمپە نیشتەجێ کراون، کە لەلایەن رێکخراوە خێرخوازییەکانی وەک رێکخراوی خێرخوازیی بارزانی و رێکخراوی (DMC گەشەپێدان و بەرەوپێش بردن)، هاوکاری دەکرێن.

زۆربەی دانیشتوانی کەمپەکە دەڵێن، پێویستییان بە کەلوپەل و خواردنی زیاترەو زۆربەی ئەو خواردنانەش کە ئێستا بە دەستیان دەگات، رۆژانە لەلایەن خەڵکی گوندەکانی ناوچەی دهۆکەوە بە ئاوارەبوان و لێقەوماوان ئەدرێت.

هەواڵنێری کوردپا باس لەوە دەکات؛ هیچ کەمپێک بەرچاو ناکەوێت، کە لە رادەبەدەری خۆی ئاوارە و لێقەوماوانی کوردی لەخۆ نەگرتبێت و بەهۆی زۆریی ژمارەی ئاوارەکان، بەشێکیان روویان لە پارکەکان کردووەو لەوێ نیشتەجێ بوون.

\"21377.jpg\"
دەشڵێت: لەو خێوەتانەی کە بۆ ئاوارەبوان تەرخان کراون، لە هەر خێوەتێکدا زیاتر لە ٢٠ کەس نیشتەجێ بوون و لەگەڵ ئەمەشدا لە هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکی تەندروستی و ئاسایشی بێبەرین.

باس لەوەش دەکات، پلەی گەرمیی هەوا زیاتر لە ٤٠ پلەیە و گەرمیی هەوا بڕستی لە ئاوارەبوان و بەتایبەت منداڵانی ساوا و تازە لەدایکبوو بڕیوەو لە هەموو جۆرە ئامێرێکی فێنک کەرەوە بێبەرین.

فۆتۆ: سەلاح نادری

\"21393.jpg\"

\"21394.jpg\"

\"21395.jpg\"

\"21396.jpg\"

\"21397.jpg\"

\"21398.jpg\"