ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ لە ناوچەی سەوڵاوا کوژرا

15:50 - 19 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ لە ناوچەی \"سەوڵاوا\" بەدەستی باوکی خۆی گیانی لێ ئەستێندرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٨ی رەشەممە ژنێک بەناوی \"زەعفەران محەممەدی\" لەلایەن باوکی خۆیەوە کوژرا.

ئەو ژنە خاوەنی ٥ منداڵ و خەڵکی گوندی \"هەزار خانی\"ی سەربە شاری سەوڵاوا بووە کە بەدەستی باوکی خۆی بەناوی \"عەبدوڵڵا\" خنکێندراوە.

سەرچاوە خۆجێییەکان رایانگەیاندووە، کە ئەو ژنە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کە لەگەڵ مێردەکەی بوویەتی، گەڕابوویەوە ماڵی باوکی و لە ئەنجامدا بە دەستی باوکی خۆی خنکاوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای وەرزی زستانەوە هەتا ئێستا ٤ ژن لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەدەستی کەسوکاری نزیکی خۆیان کوژراون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.