ژاکان باران بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

14:05 - 19 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: شاعێرێکی کورد خەڵکی شاری مەلەکشای پارێزگای ئیلام، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی بەرێوەچوونی دادگاییەکەی لە زیندانی ئیلام ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خاکەلێوە، شاعێرێکی کورد بە ناوی \"حوسێن باقری\" ناسراو بە \"ژاکان باران\" خەڵکی شاری مەلەکشای پارێزگای ئیلام، کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەشەممەی ساڵی ٩٧، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی لە گرتنگەی ئازاد کرا.

ئەو شاعێرە کوردە، بە \"هاندنی خەڵک بۆ تێکدانی ئەمنییەتیی ئێران و پڕوپاگەندە دژی نیزام\" تاوانبار کراوە.

ژاکان باران لە ماوەی دەسبەسەر کرانیدا، هەتا ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خاکەلێوە، لە هەمبەڕ دەسبەسەر کران و ڕاگرتنی لە زیندانی ناوەندی شاری ئیلام، دەستی دابووە، مانگرتن.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەشەممەی ساڵی ٩٧، پاش هەڵوەشاندنەوەی نەورۆزی شاری مەلەکشای ئیلام، ژاکان باران شاعێری کورد خەڵکی ئەو شارە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ زیندانی ناوەندی شاری ئیلام، ڕاگوێزرا.

ئەو شاعێرە کوردە، لە هەمبەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شاری مەلەکشا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

\"حوسێن باقری\" ناسراو بە (ژاکان باران) تەمەن ٣٧ ساڵ، خەڵکی شاری مەلەکشاهی پارێزگای ئیلامە و چەندین جار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بانگهێشت و دەسبەسەر کراوە.