ڕەوانەکردنی کورتەنامە بۆ چالاکانی سیاسی لە لایەن ئیتلاعاتەوە

15:11 - 21 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار، لە ڕێگای \"مەسێنجێر\"ی فەیسبووکی یەکێک لە هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراوی خەڵکی ئەو شارەوە، نامەی بۆ چالاکانی سیاسی ناردووە و هەڕەشەی لێکردوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەروبەندی جێژنی قورباندا، ئیتلاعاتی شاری پیرانشار لە ڕێگای مەسێنجێری فەیسبووکی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوەوە، چەند کورتە نامەیەک بۆ چالاکانی سیاسی دەنێرێت.

یەکێک لە چالاکانی سیاسی لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"دوو ڕۆژ پێش جێژنی قوربان، لە ڕێگای مەسێنجێری هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراو، کورتە نامەیەکی پیرۆزبایی جێژنی قوربانم بۆ هات، دواتر زانیم ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەر کراوە و هەنووکە لە گرتنگەی ئیتلاعاتدایە\".

ئەو چالاکە سیاسییە هەروەها ڕایگەیاند: \"سەرەتا کە نامەکەم دیت، پێم وابوو کەسی دەسبەسەرکراو ئازاد کراوە و لەژێر گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان زێدی خۆی بەجێ هێشتووە\".

بنکە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران بە مەبەستی سیخوڕی بەسەر خەڵکدا، ئەو کەسانەی کە دەسبەسەر دەکرێن و ژمارە تەلەفۆنەکەیان دەکەوێتە دەستیانەوە، دواتر بۆ کاری سیخوڕی و گوشارهێنان بۆ سەر چالاکانی سیاسیی کورد، کەڵکی لێوەردەگرن.