ڕەخنەی مامۆستایانی سوننی مەزهەب لە بەرپرسانی ئەمنییەتیی حکوومەتی ئێران

21:21 - 4 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو مامۆستای ئایینیی سوننی مەزهەب، لە هەمبەر قەدەغەکردنی هاتووچۆی مامۆستایانی سوننی مەزهەب بۆ پارێزگاکانی دیکەی ئێران، ڕەخنەیان لە حکوومەتی ئێران گرت.

لە بەرەبەری بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی دەرچووانی ئایینی و \"حفاظـ\"ـی حەوزەی \"دارالعلومـ\"ـی زاهدان، بەرپرسانی ئەمنییەتیی ئێران ڕێگریان لە چوونی مامۆستایانی ئاینیی سوننی مەزهەب بۆ شاری زاهدان کرد.

ڕەخنەی مامۆستایانی سوننی مەزهەب بەو هۆیە بووە، کە ماوەیەک پێش لە بەرەبەری بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی دەرچووانی ئایینی و \"حفاظ\"ـی حەوزەی \"دارالعلومـ\"ـی زاهدان، بەرپرسانی ئەمنییەتی و هێزە ئیتلاعاتییەکان، لە مامۆستایانی ئاینیی سوننی مەزهەب ڕێگریان کردبوو، هەتا لەو ڕێوەڕەسمە بەشداری نەکەن.

لەو پەیوەندییەدا، مەولانا محەممەدحەسەن گرگیج، پێشنوێژی هەینی سوننی مەزهەبی خەڵکی زاهدان ڕەخنەی توندی لە بەرپرسانی حکوومەتی گرت و ڕایگەیاند: ئێمە ئیددعای ئازادیی لە ئێران دەکەین، بەڵام مامۆستایانی ناسراوی سوننی مەزهەب ئیزنی هاتووچۆ کردنیان بۆ پارێزگاکانی دیکە نییە.

ئەو مامۆستا سوننی مەزهەبە لە درێژەدا دەڵێت: نابێت ئەو بابەتانە کە یاسایین و نابێتە هۆی تێکدانی ئەمنییەتی وڵات پێشگیری بکرێت و کارت میللی هاووڵاتییانی سوننی مەزهەب لە شاری زاهدان لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتییەوە وەربگیردرێت.

مەولانا محەممەدحەسەن گرگیج، لە درێژەی ڕەخنەگرتن لە بەرپرسانی حکوومەتی دەڵێت: مرۆڤەکان مافی ئازادی ژیان، هەناسەکێشان و هاتووچۆیان هەیە و بەرپرسانی حکوومەتی دەبێت پێش بەو کەسانە بگرن، کە بە شێوەی دڵخواز هەڵسوکەوت دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە حەسەن ئەمینی حاکم شەرعی کوردستان، ڕەخنەی گرتووە و ڕایگەیاندووە، ئەوە یەکەمجار نییە کە پێشمان پێ دەگرن و ساڵی ٨٨ کە لە ڕێوڕەسمی دینیی دەرچووانی ئایینی و \"حفاظـ\"ـی حەوزەی \"دارالعلوم\"، لە زاهدان بەشداریم کرد، منیان دەستبەسەر کرد و پاش ١٠ ڕۆژ ئازاد کرام.

ڕێکەوتی ٢٤ خاکەلێوە، ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای سنه، حەسەن ئەمینی سەرۆکی مەکتەب قورئان و مامۆستای ئایینیی سوننی مەزهەبیان بانگهێشت کردووە و به ناوبراویان ڕاگەیاندووە، که ئیزنی بەشداری لە دانیشتنی ساڵانەی دەرچووانی \"دارالعلومـ\"ـی زاهدانی نییه.