ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار و کافەکتێبی ئەندێشە، بانگەوازێکیان بۆ یادی قوربانییانی کیمیابارانی سەردەشت بڵاو کردەوە

15:53 - 4 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی شاری پیرانشار و کافەکتێبی ئەندێشە لە بانگەوازێکدا، داوایان لە هەموو هاوڵاتییان، چالاکانی مەدەنی، ژینگەپارێزان و شاخەوانانی ئەو شارە کرد کە بەشداری لەو چالاکییەدا بکەن.

دەقی ئەم بانگەوازە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە، بەم چەشنەیە:

بانگەوازیی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی یادکردنەوە و بەرزڕاگرتنی یادی قوربانییانی کارەساتی دڵتەزێنی کیمیابارانی ۷ی پووشپەڕی ساڵی ۱۳٦٦ی شاری سەردەشت

خەڵکی بەشەرەفی ناوچەی پیرانشار!


ئاگادارتان دەکەینەوە؛ بە مەبەستی یادکردنەوە و بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان، ڕێزلێنان و وەبیرهێنانەوەی بەرکەوتووانی کارەساتی کیمیابارانی شاری سەردەشت کە بە مەبەستی قڕکردن و ژینۆسایدی گەلی کورد لەلایەن ڕێژیمی ڕووخاوی بەعس ئەنجام درا، \"ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار\" و بنکەی مەدەنیی \"کافەکتێبی ئەندێشە (پیرانشار)\"، هەڵمەتێکی شاخەوانی-فەرهەنگیی هاوبەش بۆ ناوچەی خەرپاپ، ساز دەکەن.

بەو بۆنەیەوە داوا لە هەموو هاوڵاتییان، چالاکانی مەدەنی، ژینگەپارێزان و شاخەوانانی بەڕێز دەکەین بەشداریی لەو چالاکییەدا بکەن. بێگومان بەشداریتان هێمای دڵسۆزیتانە بۆ قوربانییانی ئەو کارەساتە و هەموو شەهیدانی ئەو نیشتمانە.

جێگەی باسە ئەو ڕۆژە هاوکاتە لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی \"ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار\" و کۆمەڵێک بەرنامەی تایبەت بەو بۆنەیەوەش بەڕێوە دەچێت و بەشداربووانی بەڕێز دەتوانن بە پێشکەشکردنی پارچە شێعر، پەخشان و دەقی ئەدەبیی پەیوەندیدار بە هەر دوو بۆنەوە بەرنامەکەمان دەوڵەمەندتر بکەن.

کات: ڕۆژی هەینی، ٧ی پووشپەڕی ٢٧١٩
کاتی ڕۆیشتن: ٦ی بەیانی
شوێنی کۆبوونەوە: پارکی خەییام
شوێنی مەبەست: تاڤگەی خەرپاپ
پێداویستی: پێڵاو، جلوبەرگ و پێداویستی بۆ ڕێپێوانی شاخەوان.
تێبینی: خواردنی دوو ژەمی بەیانی و نیوەڕۆ لەگەڵ خۆتان بێنن.