ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی: دوو لاوی تەمەن ١٥ ساڵە لە ئێران بە شێوەی نهێنی ئێعدام کراون

14:43 - 10 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، باسی لە سێدارەدانی دوو مێرمنداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ لە زیندانی عادڵئاوای شاری شیراز، کرد.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، باسی لە سێدارەدانی دوو مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵ بە ناوەکانی \"مێهدی سوهراب‌فەر و ئەمین سداقەت\" لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ناوەندی شاری شیراز کرد.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە، هەروەها دەڵێت: لە سێدارەدانی نهێنی ئەو دوو مێرمنداڵە، ئەو پەڕی گوێنەدانی بەرپرسانی ئێرانی بە یاسا نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ و پێشێلکردنی بێڕەحمانەی مافی منداڵانە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەویی، ئەو دوو مێرمنداڵە، هەتا ماوەیەکی کەم پێش لە سێدارەدانییان، ئاگاداری مەحکووم کردنیان بە ئێعدام نەبوون و شوێنی لێدانی بە قامچی لە سەر جەستەیان دیار بووە کە پێش لە سێدارەدانیان، لێیان دراوە.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە هەروەها لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت: لە سێدارەدانی ئەو دوو مێرمنداڵە، ڕۆژی پێنجشەممەی حەوتووی ڕابردوو بووە و نە پارێز و نە بنەماڵەکانیان ئاگاداری لە سێدارەدانیان ئەو دوو مێرمنداڵە، نەبوون و بە بیستینی ئەوم هەواڵە شووکە بوون.

فیلیپ لوتر، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند: \"بەرپرسانی ئێران جارێکی دیکە کردەوەی قیزەن‌ئامێزی خۆیان بۆ کوشتنی منداڵان و پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ ئیسپات کرد.\"

ناوبراو هەروەها دەڵێت: \"پێی دەچێت، کە بەرپرسانی ئێرانی لە ئەوپەڕی بێڕەحمی‌ دا ئەم دوو مێرمنداڵەیان، پاش دوو ساڵ لە حوکمی داسەپاوی لە سێدارەدانیان بێ خەبەری هێشبێت و ئەوان لە دوایین ساتەکانی پێش ئێعدام کردنیان بە قامچی لێیان داوە و بە شێوەی نەهێنی لە سێدارە دراون.\"

پێشتر، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە فەرمی ڕایگەیاندبوو، کە بەرپرسانی ئێران بە باشی ئاگادارن سزای ئێعدام پێشێلکردنی ئاشکرای بەڵێنییەکانە کە خودی حکوومەتی ئێران واژۆی کردووە.