ڕێوڕەسمی نەورۆز لە گوندی \"حەسەن نووران\" لە شاری شنۆ، بە هۆی دەستێوەردانی سپای پاسداران توندوتیژی لێکەوتەوە

12:31 - 1 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی دەستێوەردانی سپای پاسداران لە ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز لە گوندی \"حەسەن نووران\"ی شاری شنۆ، توندوتیژی لێکەوتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەشەممە، هێزەکانی سپای پاسداران، هێرشیان کردە سەر ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز لە گوندی \"حەسەن نووران\"ی شاری شنۆ و لەگەڵ بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمە، تووشی شەڕ بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: دانیشتوانی گوندی \"حەسەن نووران\" لە کاتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە هێرش کرایە سەریان و هێزەکانی سپای پاسداران دەستیان بە تەقە کردن و دروست کردنی ترس و خۆف لە نێو هاووڵاتییانی ئەو گوندە کرد و پێشیان لە بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمە، گرت.

ئەو سەڕچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزەکانی سپای پاسداران پاش پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز، لە گوندی \"حەسەن نووران\" جێگیر بوون و فەزای ئەمنییەتییان بە سەر ئەو گونددا، زاڵ کرد.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەم هەوڵەی سپای پاسداران شەپۆلێک ناڕەزایەتی لە نێو دانیشتوانی گوندی \"حەسەن نووران\" درووست کردووە.