ڕێوڕەسمی بەهارانەی ژاوەرۆ، هەڵوەشایەوە

14:43 - 14 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ڕێوڕەسمی بەهارانەی ژاوەرۆ لە سنەدا، لە ژێر گوشاری ئیتلاعات و سپای پاسداران، هەڵوەشایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ١٣ی بانەمەڕ، ڕێوڕەسمی بەهارانەی ژاوەرۆ، کە بڕیار بوو لە \"کوچکە سوور\"ی گوندی \"ئەوێهەنگ\" بەڕێوە بچێت، لە لایەن ئیتلاعات و سپای پاسدارانەوە، هەڵوەشایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعات و سپای پاسداران، هێرشیان کردووەتە سەر ئەم ڕێوڕەسمە و ڕێگایان لە بەڕێوەچوونی گرتووە.

ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد: ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی بە ناوەکانی \"تارق ڕەحیمپوور\"، \"قانع ڕەزایی\"، \"موختار کەریم‌ئەفشار\"، \"غەفوور یاری\" و \"ئەدیب خودایار\"، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: هێزە ئیتلاعاتییەکان پێشتر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم ڕێوڕەسمەدا هۆشداریی بە چالاکانی مەدەنی دابوو.

هەروەها لە درێژەدا وتی: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفونییەوە، هەڕەشەیان لە گۆرانیبێژەکان کردووە کە لەم ڕێوڕەسمەدا بەشداری نەکەن.

هەڵوەشاندنەوەی ڕێوڕەسمی بەهارانەی ژاوەرۆی سنە، ناڕەزایەتیی دانیشتووانی ئەم ناوچەیەی لێ کەوتووەتەوە.