ڕۆژهەڵات، هاوپەیمانێکی بێ بەرژەوەند!

13:39 - 12 خاکەلێوه 2715
Unknown Author
ئومید تاهیری

لە چەند سەدەی ڕابردوودا، دەیان جار وڵاتانی سەردەست تووشی قەیرانی جیددی دەرەکی و ئاڵۆزی ناوخۆیی بوون، خاکیان لەدەست داوە و سنووریان نوێ کردووەتەوە، چلۆن کورد بۆ یەکجاریش نەیتوانیوە لەو بۆشاییە کەڵک وەرگرێت؟
دەیان هەوڵی داوە، بەڵام بە رەچاوکردنی هەنگاوەکان و دیتنی ئاکامەکەی، هێشتا نەیتوانیوە ئامانجەکەی بپێکێت. ئەگەرچی دەسەڵات و هەلومەرجی جیهانی، ناوچەیی و ناوخۆیی، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر داناوە و لەوانەیە هەندێ جار هەلی بۆ نەڕەخسابێت، بەڵام جێگای پرسیارە:
ئایا \"هەموو\" ئەو نەتەوانەی وا بە مافیان گەیشتوون و ئەو وڵاتانەی کە لەدایکبوون، هاوبەرژەوەندیی تێکڕای هێزە جیهانییەکان بوون؟ یا ئەو بزووتنەوانەی کە بەئامانجی یەکسانی، چاکسازی و گۆڕان و یا لەدژی ڕەگەزپەرەستی، جۆرپەرەستی و.. هاتوونە ئاراوە، دژاییەتیان لەگەڵ دەسەڵات نەدەکرد؟

هەرچەن دۆخی بزووتنەوەی کورد لە سێ پارچە و لە ئێستادا، ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و تا ڕادەیەک دەسکەوتی بووە، بەڵام لە ڕۆژهەڵات و لەدوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، نەیتوانیوە سەرلەنوێ خۆی ڕێکخاتەوە.

ئەم کەوتنە پەراوێزە، لە پێناو بەرژەوەندی کوردستان و ڕۆژهەڵات نییە و پێویستە بزووتنەوەی ئەو بەشە‌، پێداچوونەوەیکی جیددی لە ڕێگە و پێگەی خۆی کاتەوە. بەبێ ڕۆژهەڵات، جوگرافیای ڕاستەقینەی کوردستان بوونی نییە و پشتگوێ خستنی هەر پارچەیەک بەواتای تواندنەوەی سامان و شوناسی کوردی لەو بەشەدایە.

بارودۆخی کوردستان و هەندێ لەمپەر:
جوگرافی، ژئۆپولێتیک، ژئۆمۆرفۆلوژی

١-کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵکەوتووە، لە نێوان چوار وڵاتی داگیرکەر گەمارۆ دراوە و لە بوار جوگرافیای مێژووییەوە، سەرچاوەی زۆربەی ئایینەکان، یەکمین شارستانییەتەکان و کارزاری تێکهەڵچوونی نەتەوە-زلهێزەکان و ناوەندی شەڕ و ڕووداوە گرینگە مێژوویی و ئایینییەکان بووە.

٢-لە بوار ژیۆپۆلیتیکەوە، کوردستان درگای زەوینی نێوان ئاسیا و ئورووپا و ئەفریقایە و کورد لە نێوان سێ نەتەوەی فارس و تورک و عەرەب‌دا دەژی(هەر سێ نەتەوەکە بەشێکن لە کێشەی کورد). کوردستان هێڵی نێوان شێعەو سوننە، غەرب و شەرق، سوننەت و مۆدڕنیتە و هتد...، . کانگەی ئاوی شیرین و نەوت و سەرچاوە سرووشتییەکانە و سنوورەکانی بە سەر زۆربەی کانگە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوو شاڕێی گەورەی ئاویی ئازادی ناوچەکە دەڕوانێ.

باڵانسی هێزە ناوچەییەکانە و ڕێگرە لە گەشەسەندنی شەڕی مەزەبی و بەهێزبوونی شێعەی توندڕەو و سەلەفیگەری. (ئەمە هەلێکی مێژووییە بۆ هاوکاری و ناساندنی خۆ بە دونیای دەرەوە، هاوکات دەرفەتێکیشە بۆ وڵاتانی دراوسێ و ڕۆژئاوایی هەتاکوو توندوتیژی لە وڵاتانی خۆیان دوور خەنەوە)
٣-لەبار ژئۆمۆرفۆلۆژیشەوە، کوردستان وڵاتێکی شاخاوییە. چیا بۆ کورد قەڵایەک بووە کە لە کاتی شەڕ و هەڕەشە و مەترسی‌دا‌ رووی تێکردوە و بۆیە زۆرتر لەوەی هێرشکەر و داگیرکار بێت، داگیر کراوە.

سایکۆلۆژی، کۆمەڵناسی و دێمۆگرافی:
١- زۆربەی ئاسەوار و کولتوور و ڕێوڕەسمە ڕەسەنەکانی کورد، دەستی بەسەردا گیراوە و بەهۆی سرووشتی دەوڵەمەند، کەمتر چاوی لە سامانی وڵاتانی دیکە بووە. بە هۆی ڕێژەی هێرشەکان، دایم لە دڵەڕاوکە و رەویان بووە و بەردەوام بەشێوازی نامرۆڤانە سەرکۆت کراوە، بۆیە لەبار دەروونیەوە، بڕوابەخۆیی نەماوە و مونفەعل و ئاشتی خواز ڕاهاتووە، بەجێگەی ئەوەی شانازی بە مێژووی خۆیەوە بکا، شوناسی بە وڵاتانی دیکەوە بەستووە.

٢- بەهۆی بێ دەسەڵاتی، لە سیستەمێک بۆ پەوەردەی کۆمەڵگە و خاوەندارییەتی لە کولتوور و شوناس بێبەری بووە و کەم زانست و دواکەوتوو ماوەتەوە. باوڕی سوننەتی و مەزەبی زاڵە و کۆمەڵگەی هەر بەشێک بەرەو کولتووری نەتەوەی سەردەستدا ڕۆشتوون. لەدوای دابەشبوونی یەکەم، ئەو کۆمەڵگەیە بەکرداری بووە بە دوو بەش و لەدوای \"لۆزان\" ئەم ڕاستییە چوارە.

هەرکام لە بەشەکان و بە پێی سیاسەتی تایبەتی ئاسمیلاسیۆن وڵاتانی داگیرکەر، ئاڵوگۆڕی تایبەتیان دیوە و بە ماننەوەی شوناس لەسەر بنەمایەکی مێژوویی، زمان و کولتوور و بەرژەوەندی تایبەت بە خۆیان هەیە.

٣-لەبواری دێمۆگرافی‌شەوە کورد لەخۆیدا ڕەنگاوڕەنگە و و کولتوورێکی دەوڵەمەند و بەربڵاوی هەیە. جگە لەوەش بەهۆی کۆڕەو، ئاسمیلە و کۆمەڵکوژی و..، دەستێوەردانێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.

نەبوونی ستراتێژی درووست و دڕێژخایەن:
-کورد بەردەوام ئاواتی سەربەستی و سەربەخۆیی بووە و دروشمەکەی هەڵگرتووە، بەڵام تا ئێستا ستراتیژیەکی گشتیی و دیاری بۆ گەیشتن بەم ئامانجە نەبووە. زیاتر لە ٢٥٠٠ ساڵ بن دەستی باشترین هۆکاری ئەم بۆشاییەیە.
-زیاتر چاوەڕوانی هەل بووە تاکوو هەل بڕەخسێنێت و ئەگەر دەسکەوتێکیشی بووبێت، هاوکات بووە لەگەڵ هەلێک کە بۆی ڕەخساوە.
- پاڵپشت و سەربازی هێڵی پێشەوەی هاوپەیمانان بووە و ئەونەی لەپێناو بەرژەوەندی ناوچەیی ڕێکەوتووە، لە پێناو بەرژەوەندی ناوکی و دوورخایەنی نەیکردوە.

و هەروەها
- نەبوونی هێزێکی گشتگیر و یەکگرتووی ڕزگاریدەر لەمێژوودا و زۆربوونی هێزی ڕزگاریدەر لە ئێستەدا.
-نەبوونی یەکگرتوویی، زەق کردنەوەی جیایی و کەوتنە ناو داوی داگیرکەران.
-هاوکات بوون لەگەڵ کێشە و قەیرانی گەورە لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی‌دا، وەک شەرە جیهانییەکان، شەڕی سارد و ڕووخانی سۆڤیەت، کێشەی ئیسراییل و عەرەبەکان، شێعە و سۆننە، تیرۆریزمی ئیسلامی، قەیرانی ئەتۆمیی ئێران، بەهاری عەرەبی، هاتنی داعش و هتد. (کە ئەمە لەخۆیدا دەیتوانی وەک هەلێکیش بڕەخسایەت، بەڵام بەداخەوە کورد نەیتوانیوە کێشەی خۆی لەناوچەدا بکا بە کێشەی سەرەکی)
کێشەی نەبوونی ستراتیژیی دڕێژخایەن و هۆکاری ناکامییەکان ڕوون دەکاتەوە.

بارودۆخی ڕۆژهەڵات:
ڕۆژهەڵات لەخۆی‌دا کوردستانێکی بچووکە، یەکەمین دەسەڵاتی یەکگرتووی بەهێزی کوردی لەو بەشەوە سەری هەڵداوە و بە پێی نەخشەی ئەو کاتی مادەکان، زۆرترین خاکی لێگیراوە، کۆمەڵگەی ئەو بەشە بەپێچەوانەی بەشەکانی دیکە چوارچێوی سوننەتی و عەشیرەیی خۆی لەدەست داوە و لە شەپۆلێکی نوخبەگەرایانەدا بەسەر دەبا کە کەس، کەسی قبووڵ نییە و لۆجیکیان یان پێوانەی رابردوو و یان مەرجی پێشکەوتن لە هەر هەڵمەتێکدایە.

کوردی ڕۆژهەڵات لەگەڵ تورک و فارس و عەرەب، بە تێکڕا سنووری هاوبەشی هەیە و بە پێچەوانەی بەشەکانی تر لەبار حەشتیمەتەوە، نەتەوەی سێیەمە. ئێران وەک وڵاتێکی زلهێز و خاوەن مێژوو و شێواز لە داگیرکاریدا، خەساری کۆمەڵایەتی گەورەی لێداوە و توانیویە تا ڕادەیکی بەرچاو شوناسی تاک تووشی قەیران بکات. هەروەها بزووتنەوەی کوردی لەو بەشەدا تووشی لاوازی، بەربڵاوی و چەن دەنگی بووە.

سیاسەت و بەرژەوەندیی ڕۆژهەڵات:
ڕۆژهەڵات چارەنووس و بەرژەوەندیی خۆی بە پارچەکانی دیکەوە بەستە، و ئێران لەم ماوەدا سەرقاڵی چارەسەری قەیرانەکان و پەرەدان بە دەسەڵات و دەستێوەردانی ناوچەیی بووە و ئێستا لە ڕێکەوتنی \"لۆزان\"، نزیکە. (ئابووریی ئێران و دەوڵەتی کلیلی روحانی، پێویستیی بە ڕێکەوتنە و دەوڵەتی ئۆباماش بە درووشمی دژە شەڕەوە، بەدوای کەمپ دەیڤیدێکی دیکەیە)
ئەگەرچی ڕێکەوتن لەگەڵ ڕۆژاوا بەواتای پشت کردن لە دروشمە بنەماییەکانی کۆماری ئیسلامی و وڵاتی رووسیا و هاوپەیمانانە، بەڵام لە ئەگەری ڕێکەوتنیش:
-کێبڕکێی ئەتۆمی و تێکهەڵچوونی ڕاستەوخۆ لەناوچەکە دێتە ئاراوە.
-ئەم ڕێکەوتنە کاتی دەبێت و سیاسەتی ناوکی و ناوچەیی ئێران ناگۆڕدرێت.(کۆنگرەی ئەمریکا دژایەتی دەکا)
-مەیل بۆ پاڵپشتی و یارمەتی ئۆپۆزسیۆن لە ناو بەرەی دژە ئێراندا زیاد دەکات.
-خواستی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ و کەمینەکان، دەبێ بە کێشەی سەرەکی.
-ماوەیکی زۆر دەیاخێنێت تا قەیرانی ئابووری و بۆشایی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان پڕ بێتەوە.
-و بەهۆی باشتربوونی باری ئابووری، خواست بۆ ئازادی و دێمۆکراسی پەرە ئەستێنێت.
بۆیە لە کورت ماوەدا و بە مەرجی هەستانەوە، خەسارێکی بەرچاو لە شۆڕشی ڕۆژهەڵات نادات.

بەڵام لەدونیای سیاسەت‌دا بەرژەوەندی قسەی یەکم دەکا و بۆ نموونە، لە باکوور و رۆژاوا، پەکەکەی چەپ لەگەڵ بەرەی رووسیا و چین و ئێران و سووریا هاوپەیمانییەتی دەکا، تاکوو دژایەتی تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ بکات. باشوور لەگەڵ ئێران هەیەتی تاکوو بە تورکیای نەدۆڕینێت و لەگەڵ تورکیا هاوپەیمانە، تاکوو ئێران قووتی نەدات. لەگەڵ هیچیان نەیکا، خۆی بۆ بەڕێوە ناچێت و عێراق حیسابی بۆ ناکا.

هەروەها کە بەشەکانی تر، لە پێناو بەرژەوەندیی ناوچەکە و دژایەتی داعش و تورکیا، بۆیان هەیە هاوبەرژەوەندیی ئێران بن، ڕۆژهەڵاتیش مافیەتی لەپێناو مانەوە و بووژانەوەی، هاوپەیمانیەتی و هەڵسوکەوت بکات.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی:
-پرۆژەی داعیشی ئیسلامی لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و تورکیاوە لەبەرامبەر دەستێوەردان و هەڕەشەکانی کەوانەی شێعە (هلال شیعی) شکستی هێنا.
-و یەمەن کە تا دوێنێ کارتی براوەی ئێران بوو، بەڵام لەدوای هێرشی عەرەبستان، بووە بە چەقۆیەک لەسەر ملی ئێران(بەهۆی ئەوەی کە توانای دخالەتی نییە -لە سێ وڵات تووشی شەڕ بووە - ئابوورییەکەی ڕووخاوە) و لەدوای شکستی تکریت و لە ئەگەری ئەوەی پشتگیری حوسییەکان نەکا، هەیمەنەی لای هاوپەیمانە شێعەکانی دەشکێت. (کات و ناو و شوێنی ئۆپۆڕاسیۆنی \"گەردەلولی یەکلاکەرەوە\" لە لایەن وڵاتانی کەنداو، هەم دژایەتی و گۆشارێک بوو بۆ ڕێکەوتنی ئێران و هەم پەیامێکی راشکاوە بۆ تارانە کە چیتر ئیزنی جەولان و دەستدرێژی پێ نادەن.)
ڕۆژهەڵات دەتوانی لە وڵاتانی ڕۆژاوایی، بەرەی عەرەبی دژە ئێران، ئیسرائیل و تورکیا وەک هاوبەرژەوەندێکی کاتی بۆ بەرنگار بووننەوە لەگەڵ دوژمەنێکی هاوبەش، کەڵک وەرگرێت.

ئاکام:
لە ئێستادا کە خێرایی ڕووداوەکان لە پێش هەنگاوەکانی ڕۆژهەڵاتە و بەداخەوە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی بەرەی کوردستانی، بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، یەکگرتنەوەی حیزبەکان و... بە ئەنجام نەگەیشت، دەبێ ڕێکارێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات بگرینە بەر.

- بەهێزبوونی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچە و سەرکار هاتنی دەوڵەتی تیرۆر،
- مەترسی پەرەسەندنی بیرۆکەی داعش لە ڕۆژهەڵات،
- ئاسێمیلەی زیاتر و پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و پەرەسەندنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و...، هەڕەشەن بۆ سەر کوردی ئەو بەشە و
- هەستی خرۆشاوی جەماوەر لەژێر کاریگەریی ڕووداوەکان
- زیاد بوونی قەیرانی ئابووری، مانگرتن و خۆپیشاندانەکان
- ئاستی ڕوانینی میدیای جیهانی و بیری گشتی سەبارەت بە کورد
- هاودەنگ بوونی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە ئەگەری مامڵەی درووست‌،
- پێویستی بە هاوکاری ئەو ڕەوتەی کە لەدوای ڕێکەوتنی \"لۆزان\" و لەدژی ئێران پێک دێت، لەگەڵ هاوپەیمانێکی بەهێز،
هەلێکی هەڵکەوتوو بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتە. هەروەها جووڵانەوەی ڕۆژهەڵات بۆ باشوور و باکووریش، کارتێکی یارییە بەرامبەر بە ئێران.

کۆی ئەم هۆکارانە، گەیشتن بە هاودەنگی و ستراتیژیی هاوبەش لە نێوان هێزە ڕۆژهەڵاتییەکان و لەپێناو بەرژەوەندیی هاوبەش‌دا، دەکات بە ئەرکێکی مێژوویی. بێ ڕۆژهەڵات، پازێلی کوردستان ناتەواوە و پێویستە لەدوای ٢٥٦٥ ساڵ ناکامی، پێداچوونەوەیەکی جیددی لە ستراتیژیی دڕێژخایەنی کوردستان و ڕۆژهەڵات بکەینەوە و بەهەموومانەوە بە هانای گرفتەکانی ئەو بەشەوە بچین.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەو ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.