ڕۆژنامەوانێکی وەرزشی بە هۆی نەخۆشیەوە گیانی لە دەست دا

20:48 - 1 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕۆژنامەنووسێکی وەرزشیی کورد خەڵکی شاری قوروە، بە هۆی نەخۆشیەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی ڕەزبەر، ئیبراهیم دلاوەری، پاش پێنج ساڵ بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشی ، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی شاری قورە ، لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ئەو ڕۆژنامەوانە کوردە، ماوەی نزیک بە ٣٠ ساڵ لە بواری بەشی وەرزشی ڕۆژنامەی کەیهان لە کوردستان کار و چالاکیی کردووە و هەواڵ و ڕاپۆرتی وەرزشی بۆ هۆگرانی بواری وەرزشی ئامادە کردووە.

ئیبراهیم دلاوەری ماوەی ٥ ساڵە تووشی نەخۆشی\"جەرگ و گورچیلە\" بووە و لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا لەگەڵ نەخۆشییەکەی دەستوپەنجەی نەرم کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ڕۆژنامەوانە کورد، لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا، تەنانەت یەک کەس لە بەرپرسانی حکوومەتی سەردانیان نەکردووە و تێچووی نەخۆشخانەش لە ئەستۆی خۆی بووە.

ئیبراهیم دلاوەری لە ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی لە شاری قوروە لە دایکبووە و ماوەی ٣٠ ساڵ لە ڕۆژنامەی کەیهان لە کوردستان کار و چالاکی کردووە.