٥٨ ڕۆژ لە دەسبەسەری و ناڕوونیی چارەنووسی \"زارا محەممەدی\" تێدەپەڕێت

16:20 - 29 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: کچە مامۆستایەکی دەسبەسەرکراوی زمانی کوردی، پاش ٥٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە.

\"زارا محەممەدی\"، خەڵکی شاری سنە و مامۆستای زمانی کوردییە و پاش ٥٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتەوە، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە.

\"زارا محەممەدی\"، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، لەگەڵ دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی \"ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری\"، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

سەرەڕای تێپەڕانی ٥٨ ڕۆژ، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و لە زیندانی سنەدایە.

پێشتریش، بنەماڵەی ئەو مامۆستایەی زمانی کوردی، لە بەیاننامەیەکدا پێداگرییان لەسەر بێتاوانیی \"زارا محەممەدی\" کردبوو و ڕایانگەیاندبوو کە \"هێشتا هۆکاری گیران و هەروەها چ چارەنووسێک لە چاوەڕوانیی ناوبراودایە، ڕانەگەیەندراوە\".

هەروەها ماوەیەکی پێش، خوشکی \"زارا محەممەدی\"، لە فەیسبووکی کەسیی خۆیدا، نووسیبووی: \"دەسبەسەرکردنی نایاسایی و بێ پاساو، ٤٠ ڕۆژە کە بۆ زارا و بنەماڵەکەی، هەر کات و هەر کاتژمێرێکی، پڕ لە ڕەنج و چاوەڕانییە\".

ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی جۆزەردان، دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی \"ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری\"، خەڵکی سنە و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی نۆژین، ئازاد کران و \"زارا محەمەدی\"، ئەندامی ‌تری دەسبەسەرکراوی ئەم ئەنجومەنە، هێشتا لە گرتنگەدایە.