٤٠ ڕۆژ بە سەر دەسبەسەرکردنی \"زارا محەممەدی\" تێدەپەڕێت

20:57 - 11 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، ماوەی ٤٠ ڕۆژە چارەنووسی ناڕوونە.

٤٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی \"زارا محەممەدی\"، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\" تێدەپەڕێت و هەروەها چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە.

خوشکی \"زارا محەممەدی\"، لە فەیسبووکی شەخسیی خۆیدا سەبارەت بە ٤٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی \"زارا محەممەدی\"، دژکردەوەی نیشان داوە و نووسیویەتی: \"٤٠ ڕۆژ ناڕوونیی چارەنووسی زارا و ناڕوونیی تاوانەکەی، دەسبەسەرکردنی نایاسایی و بێ پاساو، ٤٠ ڕۆژە کە بۆ زارا و بنەماڵەکەی، هەر کات و هەر کاتژمێرێکی، پڕ لە ڕەنج و چاوەڕانییە\".

ناوبراو هەروەها نووسیویەتی: \"زارا، کارناسیی باڵای بە کۆنمرەی ئەلف لە بواری جوغرافیای سیاسیدا وەرگرتووە، ڕەنگە ئەگەر کچێکی نەخوێندوار بووایەت و لە ماڵدا دانیشتبایەت، ئەمڕۆ لە دیلی بەندی نادادپەروەریدا نەبوو. زیندان مافی زارا و زاراکان نییە\".

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، سێ چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی \"ئیدریس مینبەری، زارا محەمەدی و ڕێبوار مینبەری\"، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی جۆزەردان، دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی \"ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری\"، خەڵکی سنە و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی نۆژین، ئازاد کران و \"زارا محەمەدی\"، ئەندامی تری دەسبەسەرکراوی ئەم ئەنجومەنە، هێشتا لە گرتنگەدایە.

ڕۆژی دووشەممە، ٦ی جۆزەردان، ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، لە بەرانبەر دادگوستەریی سنەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.