٢٠ ڕۆژ بە سەر دەسبەسەر کردنی مامۆستایەکی کورددا تێپەڕی

14:46 - 10 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای تێپەڕانی ٢٠ ڕۆژ بە سەر دەسبەسەرکردنی مامۆستایەکی کورد خەڵکی شاری دیواندەرە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ ١٠ی سەرماوەز ٢٠ ڕۆژ بە سەر دەسبەسەرکردنی ئومید شامحەممەدی، مامۆستای کوردی خەڵکی شاری دیواندەرە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە تێدەپەڕێ و چارەنووسی ناوبراو هەروا بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم مامۆستا کوردە لە کاتی دەسبەسەرییەوە هەتا ئێستا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەرییە و لەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەزەڵوەر، ڕۆژێک پێش لە دەسپێکردنی مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم مامۆستا کوردە و ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

ئەم مامۆستا کوردە پاش دەسبەسەر کردنی بۆ گرتنگەی \"شهرامفر\"ی سپای پاسداران گوازراوەتەوە.

ئومید شامحەممەدی خاوەنی کتێبخانەی \"زانکۆ\"ی شاری دیواندەریە.