ڕووداوی هاتوچۆ گیانی چوار وەرزشوانی ئێرانی ئەستاند

16:02 - 4 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: چوار زۆرانوانی ئێرانی لە جادەی ماسولە، لە باکووری ئێران، بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ، گیانیان لە دەست دا.

شەوی هەینی ٢ی خاکەلێوە، چوار زۆرانوانی ئێرانی بە ناوەکانی \"سوهەیل پەرستە، سەید عەلی مەوسەووی، حەسەن عەلی نیا و جەواد قوربان زادە\"، لە جادەی ماسولەی پارێزگای گیلان لە باکووری ئێران، بە ڕووداوی هاتوچۆ، گیانیان لە دەست دا.

سوهەیل پەرستە، قارەمانی زۆرانی ساحیلی لاوانی جیهان بووە و هەروەەها، عەلی مووسەووی، کەسی یەکەمی هەڵبژێردراوی زۆرانی ئازادی گەورەساڵان بووە.

ساڵی ڕابردوو، ماڵپەڕی میگنا، لە زاری بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی ئاماریی ئێران بڵاوی کردەوە، ئێران لە نێوان ١٩٠ وڵاتی جیهاندا لە ڕووداوی هاتوچۆدا پلەی دووهەمی بۆ خۆی تەرخان کردەوە و تەنیا وڵاتی سیێرالێئۆن ڕێگاو بانەکانی لە ئێران ناڵەبارترە.

بەڕای كارناسان ناستانداردبوونی جادەكان، ڕەچاونەكردنی یاساكانی هاتوچۆ لە هۆكارە سەرەكییەکانی ڕووداوی هاتوچۆ دێنە ئەژمار.