ڕنوو گیانی کۆڵبەرێکی ئەستاند

15:53 - 23 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی هاتنی ڕنوو، کۆلبەرێکی کورد لە سنووری شاری ورمێ گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"جەواد گوڵابی\" تەمەن ٣٥ ساڵ خەڵکی گوندی \"مەلوونە\" سەر به ناوچەی سۆمای برادۆست بە هۆی هاتنی ڕنوو گیانی لە دەست داوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەز وێڕای برا و کۆڕە خاڵەکەی بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ڕوویان لە کۆڵبەری کردبوو.

\"\"جەواد گوڵابی
تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە ٢٣ی سەرماوەز دوای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ دۆزراوەتەوە.

جەواد گوڵابی خێزاندار و منداڵێکی هەیە.

هەر لەم پێوەندیەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \"زانیار عەزیززادە\" کوڕی سلێمان، خەڵکی شاری پیرانشار، به هۆی سەرمابردوویی گیانی لە دەست دابوو.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، به هۆی زۆربوونی سەرما لە بەرزایییەکانی \"ئالانە\"، لە سنووری پیرانشار، لە کاتی کۆڵبەریدا گیانی خۆی لە دەست داوە.