ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، کاسبکارێکی کوردی کردە قوربانی

14:30 - 28 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ماشینی کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز، لە ئەنجامی ڕاودوونانی ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، تووشی ڕووداو بوو و ئەو کاسبکارەش گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی بانەمەڕ، \"حیسام موحیبی\" کوڕی مەنسوور، دانیشتووی گەڕەکی \"بەهارستانی خوارەوە\"ی شاری سەقز، بە هۆی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، ماشینەکەی وەرگەڕا و ئەو کاسبکارە کوردە گیانی لەدەست دا.

ماشینی ئەم کاسبکارە، لە ئەنجامی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکان لە جادەی نێوان سەقز- زەنجاندا وەرگەڕاوە و موسافیرەکانی دیکەی، بە سەختی بریندار بوون.

لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی بانەمەڕ، کاسبکارێکی کورد بە ناوی \"ئارام زەردە شوانە\"، کوڕی واحید، خەڵکی گوندی \"گوندەوێڵە\"ی شاری شنۆ، لە ڕووباری گاداردا خنکا.

ئەم کاسبکارە تەمەن ١٧ ساڵە، لە نزیک پردی \"ئایشەخان\"، بە سواریی ئەسپەکەی ویستوویەتی لە ڕووباری گادەر بپەڕێتەوە کە بە هۆی زۆریی ئاوی ئەو ڕووبارە، دەکەوێتە نێو ئاوەکە و دەخنکێت.