ڕاسان کلیل و نەخشە ڕێگای ڕزگارییە

20:40 - 3 رێبەندان 2716
Unknown Author
ئەلبۆرز ڕووئینتەن

ئەگەر چاوخشاندێک بە بارودۆخی ئێستای کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بکەین، لەوێدا بە شێوەیەکی خێرا ئاماژە بە گرفتەکان بکەین و دواتر ڕێگەی چارەسەری ئەو گرفتانە دەستنیشان بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە ڕاسان کلیلی خەباتە واتە ڕاسان دەتوانێ وەک ڕێگە چارەی زۆرێک لە گرفتەکانی ئەمڕۆی کوردستان ناو بهێنین. ئەگەر سەیری دۆخی نەتەوەی کورد لە ئێران بکەین، لە کەمترین مافی خۆی بێبەشە، تەنانەت جیا لە کورد وەکو مرۆڤێکیش لە هەموو نرخە مرۆڤایەتییەکان بێبەشە و هۆکاری سەرەکیی ئەو نەهامەتییەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕێژیمێکی داگیرکەر کە لە فەلسفەی حوکمی ئەو بە شێوازێکی دیکتاتۆرانە هەمووی ئەوانەی باسم کرد جێگەی نابێتەوە. بەڵکوو هەبوونی بەرەوپێشچوونی هەر یەک لەوانە بە مەترسی بۆ سەر نەمانی خۆی دەزانێ.

ئەگەر سەیری دۆخی ئابووری بکەین و لە ئامارەکانی خودی ڕێژیم سەرچاوە وەرگرین، دەبینین پارێزگاکانی کوردستان دواکەوتووترین پارێزگاکانن، ڕێژەی بێکاری لەو پارێزگایانە زۆرترین ڕێژەی هەیە. هەروەها ڕۆژانە بە دەیان کۆڵبەر بۆ بەدست هێنانی ژەمێک نان، یا دەگیرێن یان دەکوژرێن. ئەوە لەکاتێکدایە کە سەروەتی وڵات لە ژێر هەژموونیی سوپای پاسداراندا بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان بەکار دێنن. تەنانەت لە کاتێکدا کە خەڵکی کوردستان و ئێران لە دژوارترین دۆخدا بەسەر دەبەن، حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری حیزبوڵڵای تێرۆریست دێتە سەر شاشەی تیڤی و دەڵێ؛ \"ئێمە هەموو خەرجیەکانمان لە خۆراکەوە بگرە تا دەگاتە ئەو مووشەکەی شەڕی پێدەکەین لە ئێرانەوە دێت\".

لە دۆخێکی وەهای ئابووری‌دا یەکەمین هەنگاوی چارەسەری، گۆڕینی حکومەتە، چوونکە حکومەتێک کە خۆی بە نوێنەری خودا لە سەر زەوی دەزانێ، ڕێگەیەکی تر جیا لە خەبات و تێکۆشان بۆ ڕووخاندنی نامێنێ.

لە هەمانکاتدا ئەو جۆرە حوکمڕانییە بووەتە هۆی دەرکەوتنی دەیان خەساری کۆمەڵایەتی کە گیرۆدەبوون بە مادە هۆشبەرەکان یەکێک لەوانەیە کە مەترسی زۆری بۆ سەر لاوان و کۆمەڵگا دروست کردووە، کە ئەگەر ڕاستەوخۆش بەرهەمی کۆماری ئیسلامی نەبێت، ناڕاستەوخۆ بە ئاکامی کردەوەکانی ئەو کۆمارە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە تەنیا شتێک بۆی گرنگ بێت مانەوەی خۆیەتی نەک سەلامەت و مانەوەی خەڵکەکەی. هەروەها دۆخی نێونەتەوەیی ئەو جینایەتانەی کە لە ماوەی دەسەڵاتداریی خۆیدا ئەنجامی داوە، دەریدەخات کە ڕێژیمێکی وا دیکتاتۆر و تێرۆریست مەحکومە بە نەمان.

هەمووی ئەوانە و زۆر هۆکاری تر پێمان دەڵێن دەبێ ئەو حکومەتە بڕووخێنین. بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری و کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو، دەبێ حکۆمەتی کۆماری ئیسلامی نەمێنێ، هەر بۆیەش دەبێ بە دوای نوسخەیەک بۆ نەهێشتنی ئەو ڕێژیمە بکەوین. لێرەدایە کە ڕاسان وەک کلیل و نەخشەڕێگای ئازادی و ڕزگاری دەردەکەوێ.

چوونکە ڕاسان لە هەوێنی خۆیدا میکانیزمی نەهێشتنی ڕێژیمێکی وای لەخۆیدا هەڵگرتووە، ڕاپەڕینی شاری بە پێویست زانیوە و لەو هەوڵەدایە کە بتوانێ هەموو ئامرازەکانی ئەو ڕاپەرینە دابین بکات. لە هەمانکاتدا بە هۆی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمێکی دڕندە، پێشمەرگە وەک هێزی بەرگریکاری نیشتمان بەهێز دەکات، تا بتوانێ هەم پشتیوانی ڕاپەرینی شار بێت و لە هەمانکاتدا گوشاری زیاتر بخاتە سەر ئەو ڕێژیمە.

ئەو چەندەش لە لایەن ڕێبەڕایەتیی ڕاسانەوە وەکوو لێک گرێدانی خەباتی شاخ و شار ناوی لێ هێنراوە و هەموو کار و تێکۆشانێک لەو ئاراستەوە بەرەو پێش دەبردرێن.

ڕاستە ڕاسان داخوازیی گەل و لە سەرەتادا کلیلی ڕزگاری بۆ کوردە، بەڵام بەئەنجام گەیشتنی ڕزگاریی هەموو کوردستان و ناوچە و جیهان لە ڕێژیمێکی تێرۆریستی کە پەیوەندی بە هەموو کردەوە تێرۆریستییەکانەوە هەیە نەجاتی دەبێت، هەر بۆیەش بە کلیلی ئارامیی دونیای نوێش هەژمار دەکرێت.

لەوانەیە دژبەرانی ڕاسان یا ئەوانەی شەرەفی پشتیوانی یا ئەنجام دانی ڕاسانیان پێ نەبڕاوە بە جورێک بە دوای ڕێگەیەکی ترەوەن بۆ ڕزگاری، ئەویش لە چالاکی، ڕیفۆرمخوازەکان یان چالاکیی مەدەنی ناو دەهێنن کە ئەزموونی حوکمڕانیی ڕیفۆرمخوازەکان و ڕوبەڕووبوونەوەی زۆر توند لە گەڵ چالاکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت ژینگەپارێز زۆر بە باشی دەریخست کە بە بێ هەبوونی هێزێکی گوشاری وەک پێشمەرگە و هێزێکی کۆتایهێنەری وەک ڕاپەرینی گەل واتە ڕاسان، گەیشتن بەو ئامانجانەی کە دەمانهەوێ مومکین نییە. تەنانەت زۆر جار ئەو هەوڵانە وەک سناریۆی خودی ڕێژیم بۆ درێژە پێدانی تەمەنی کەڵکی لێ وەردەگرێ و هەشن کە فریو دەخۆن.

ئەگەر بە کورتی بڵێم و ڕێژیمی ئێران بە غودەی سەرەتانی بشوبهێنم، نەهێشتنی ئەو غودەیە لە ڕێگەی ڕاسانەوە مومکینە، ئەگەر لەو چەندە لە کوردستان سەرکەوتوو بین بێگومان کاریگەریی ڕاستەوخۆی بۆ سەر هەموو ئێرانیش دەبێت.

ئەگەر ڕاسان کلیل و نەخشە ڕێگای ڕزگاری بێت، ئەوکات ئەرکی هەموومانە کە پشتیوانی لێ بکەین و تەنانەت ببین بە بەشێک لەو نەخشە ڕێگایە بۆ ئەوەی بگەین بە ترۆپکی سەرکەوتن.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.