ڕاسان هێمای ڕەوایی خەباتێک

21:04 - 6 گەلاوێژ 2718
Unknown Author
عەلی سۆرانی

کاتێ باسی وشەی ڕەوا و ڕەوایی ئەکەیت، بێدرەنگ سەرەکیترین مافەکانی مرۆڤ دێتە پێش چاو. کەواتە هەوڵدان بۆ بەدەسهێنانی مافە ڕەواکانی هەموو تاک و گرووپ و کۆمەڵگایەک هەنگاوێکی بە تەواوی ڕەوایە و هەموو جۆرە جووڵە و کردارێک، چ فکری و چ فیزیکی لەم بازنەیەدا خوێندنەوەی ڕەوایان بۆ دەکرێ.

لەم دەرفەتەدا کەڵک وەرگرتن لە شێوەی سەربازی و ڕووبەڕووبوونەوەی فیزیکی دەتوانێ تاکتیکێکی گونجاو بێ بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو هێزەی مافەکانی لێ زەوت کراوە.

کەواتە شەڕی چەکداری و بەرەنگاربوونەوەی نیزامی لە هەموو کات و ساتێکدا، لەبەرامبەر دوژمنی تەسکبیر و توندڕەو، هەوڵێکی تاکتیکی گونجاوە بۆ خۆئاوێتەکردنی هاوکێشە گرینگەکانی ناوچەکە و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانت لە ڕوانگە و سەنگەری هێزەوە.

بەم پێیە و بە خوێندنەوەی ڕەفتارەکانی سەرهەڵدانی بیری ڕاسان لە پێشداو تا بەهێزبوون و فرموولە بوونی بیرۆکەی تیۆری حەرەکەتەکە لە مەودای نێوان کونگرەی پازدەی حیزبی دێموکرات تا کۆنگرەی شازدەی ئەم حیزبە و هەروەها، پاشڕەفتارەکانی خۆئاشکراکردنی ڕاسان لە دوای ڕووداوەکانی کۆتاییەکانی بەهاری نەود و پەنج تا سەرەتاکانی پاییزی هەمان ساڵ و دەرهاویشتەکانی ، و دواتر ئێعترافی ڕەسمی کاربەدەستانی حکوومەت بە هەڵگیرسانەوەی شۆڕش لە ڕۆژئاوی ئێران و بە تایبەتی کوردستان، نیشانەیەکی ئاشکرایە بۆ سەلماندنی ئەم بابەتەی کە ڕاسان ئەنجامی فکر و خاوەنی بەرنامەیە.

بۆیە بە ئاشکرا دەتوانی بانگەشەی ئەمە بکەی کە ڕاسان لە ماهییەت و زێهنیەتدا، جیاوازیی قووڵ و بەرچاوی هەیە لەگەڵ تەنیا ئامادەبوونی چەکدارانە.

لێرەدا ڕەخنەی ئەو کەسانە وارد نییە کە ڕاسان تەنیا وەک مانۆڕێکی کاتی سەیر ئەکەن، ساڵانی داهاتوو پیشانی دەدات کە چۆن ڕیشەداربوونی خەباتی نەتەوەیی وەک پۆتانسیەلی سەرەکیی ڕاسان، دیسان دەبێتەوە فاکتەری باڵادەستیی لە هاوکێشەکانی کوردستان و ناوچەکەدا. بۆیە کەسانێک یان هەندێ لایەنی ئەمپاڵ و ئەوپاڵ ئەگەر ناوە ناوە خەسارە گیانییەکانی ئەم حەرەکەتە وەک ڕەخنە زەق دەکەنەوە و بە ئێحساسی عەمڵ کردن و دنەدان و بریندارکردنی هەستی خەساربەرکەوتووەکان، ڕەخنەی ناڕەوا لە ڕاسان وەک ڕێبازێکی فکری دەگرن، لەڕاستیدا هەوڵ ئەدەن پاسیفبوون و ناکارامەیی و ناتوانی خۆیان بشارنەوە.

بۆ سەلماندنی ئەم بابەتەش دەتوانی چاوێک بە ڕەفتارە فەردی و جەمعییەکانیان بخشێنیتەوە، له هەڵویست گرتنەکانیان بۆ بەشداریکردن و نەکردنی بەناو هەڵبژاردنەکانی ئێران تا بانگەشەی ئاشکرا بۆ ڕازی بوون بە دوو خاڵی فۆرمالیتە و پەراوێزخراوی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بەداخەوە، خستنە بەر باسی دووبارەی خەباتی مەدەنی و سیاسی لە سەردەمێکی هەستیار بۆ ڕێژیم کە بەرەو لاوازی ئەڕوات و چەندین تەوەر و بابەتی دیکە، ڕوون ئەبێتەوە کە بێهێزی بەو لایەیدا بردوون و پاساو دەدۆزنەوە بۆ بێکردەوەییان.

بەڵام ڕاسان لە یەکەم چەخماخەی داگیرسانەوەی بە حیماسەت و گیانفیدایی، سنووری بەزاند و بە حیماسەکانی کۆساڵان و قەرەسەقەڵ و هەروەها بەردوام بوونیشی لە بەرگری و هێرش، توانی خۆی وەک ئەمری واقع بەسەر ڕێژیمدا بسەپێنی و دیسانەوە حوزووری پێشمەرگە لە کوردستان، بهێنێتەوە سەر زاری بەرپرسانی ڕێژیم وەک مەترسیەک و فیتنەیەکی گەورە لە ڕوانگەی ئەوانەوە خۆی لە هاوکێشەکاندا پێناسە بکاتەوە. ئەمەش بێگومان نەک تێچوو بۆ مانۆڕێکی کاتی بوو، بەڵکوو قوربانیدان بۆ ڕێبازێکی فیکریی ڕەوای موبارزاتی و بووژانەوەی رێگاکان و خۆسەلماندنەوەی هێزێکی خاوەن‌پێگە و کاریگەر بوو. ئەو خەبات و گیانفیدایی و قوربانیدانە ئەمڕۆ خەریکە لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا و تەنانەت لە دوورەدیمەنیشدا لە هاوکێشە بانناوچەییەکان، دەبێتەوە بە کرداری سیاسیی جەمعی، مافخوازانە و واقعێکی نەگۆڕ و هەمیشە زیندوو و لەو قۆناخەشدا، ڕاسان دەبێت بە دینامۆی ئاڵوگۆڕی ڕاستەقینە لە هاوکێشەکانی کوردستان و ناوچەکەدا.

هەر بۆیە دەبێ بگوترێ و ئێعترافی پێ بکرێ، کە ئەم ئامادەبوون و لەوانەشە باڵادەستییە، لەم دۆخەی کە ئێمەی تێداین، بەرهەمی ئامادەبوونی پێشمەرگە لە پەنا خەڵکە بۆ خەباتێکی رەوای لەپێناوی مافدا.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.