ڕاسان تەنگی به جمهووری ئیسلامی هەڵچنیوە

14:01 - 18 خەزەڵوەر 2716
Unknown Author
حەمە جاف

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەیکی سیاسی و سەردەمیانە لە سەر ئاستی ڕێبەری حیزب هەڵوێستێکی گرته پێش که هەندێک لە حیزب و لایەنەسیاسیەکانی ناوچە بەتایبەت ڕێژێمی ئاخووندی دژەگەلی توشی شۆک هاتن و پێیان وابوو حیزبی دێموکرات بارتاقەی ئەو چەن ساڵەی بەهۆی ئەو دەرفەتە مێژوویەی کە باشووری کوردستان، ئێستا ئەزموونی دەکات هەندێک چالاکی سیاسی و نێوخۆیی سنووردار کردبوو پێیان وابوو حیزبی دێموکرات ئاشبەتاڵی فیکری و سیاسی کردوە! بەڵام بە پێچەوانەوە،گێژ و غافڵ لەوەی بیری لێکەنەوە ئەو قووتابخانەیە کە حەوت دەیە لەمەوپێش بونیاد نراوە هێشتا زۆرن قووتابیانێک ئامادەن و سەلماندوویانە ماڵ و مڵکی خۆیان فیدای ڕێبازی پیرۆزی بکەن. پێش هەموو شتێک دەبێ نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وا بیر بکاتەوە کە پێشمەرگە بە خۆفیداکردن داوای مافی ڕەوای گەلەکەی دەکات.ئەوە خەڵکی زوڵم لێکراوی ڕۆژهەڵاتە دەبێ شکۆی شار و شاخ پێکەوە گرێ بدەن و بێنە سەر ئەو باوەڕەی کە بەڵێ پێشمەرگە لەکاتێکدا خۆی دەکاتە قووربانی که \"دەنگی پێدەشت و شاریان لەپشتەوە بێت بۆ گەیشتن بە ئامانج و مافە زەووتکراوەکانیان و هەروەها خۆیان لە ئاستی خۆفیداکردندا پێناسە بکەن ئەمە لۆژیک نیە سێزدە میلیۆن کوردی ڕۆژهەڵات هەمووی ببێتە پێشمەرگەی گیان لەسەر دەست! بەڵام خۆ دەکرێ هەر بە پیر و لاوەوە لە ئاست خزمەتکردنێکی سەرەتایی خزمەتی پێشمەرگە بکەن. حیزبی دێموکرات دڵنیایە لەوەی کە نەتەوەی کورد لەو بەشە داگیرکراوەی کوردستان تەنیا هیوا و هومێدیان بۆ ڕزگاری لە بندەستی و بەشمەینەتی، حیزبێکە کە پێشەنگە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد، لەماوەی ئەو دوو دەیەیەی کە حیزب بەویستی خۆی خەباتی چەکداری سنووردار دەکات و خەباتی مەدەنی هەڵدەبژێرێ گەلێک دەستکەووتی پڕ بایەخی هەیە، ئەگەر سەرنج بدەینە کۆنگرەی چواردەیەمی حیزب لە سەر بنەمای \"بەجەماوەرترکردنی خەبات\" ئەوە بەرهەمی ئەو ڕێکخستنە مەدەنیانە بوو کە حیزبی دێموکرات خەڵکی هێنایە سەر شەقام نموونەکەی ٢٣ بانەمەڕ ئەوکات زیندانیە سیاسیەکان لەسێدارە دەدران یان بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ئێران بینیمان چۆن ٥٠%خەڵکی ڕۆژهەڵات بە پیری بانگەوازی دێموکراتەوە هاتن و ڕێژێمی ئاخوندیان ئیهمال کرد بۆیە حیزبی دێموکرات بە ورد بینی و لێکۆڵینەوەیەکی سیاسی و زانستی دڵنیا بوویەوە لەوەی بەپشت‌بەستن بە خەڵکی خۆی بەتایبەت لاوانی خوێنگەرمی وڵات پارێز دیسانەوە دەتوانێ سەر بە ڕاسانێک هەڵدا تۆوی ئومێد و شادیبەخشی بچێنێ کە بەرهەمەکەی ئێستا دەبینین چۆن پۆل بە پۆل لە لاوانی وڵات پێوەست بەڕیزەکانی ئەم حیزبە شکۆدارە دەبن و موژدە و پەیامی دڵنیا بوونی بەڵێ بۆ لێکگرێدانی خەباتی شار و شاخ دەدەن. بە ئاسۆی ڕوونی ڕۆژهەڵات حیزبی دێموکرات پاش پراکتیزەکردنی پلانی ڕاسانەوەی ئەمجارە، گەڵاڵەی داڕشت کاتی پراکتیزەکردنی هەر ئەم هاوینەی ڕابردووە بوو ئەو جەزیرە ئارامەی کەی جمهووری عەمامە بەسەری ئیسلامی باسی لێوە دەکات کۆڵەکەکانی وەلەرزە کەوتن و بەدرێژای ئەم دوو دەیەی ڕابردووە هیچکات زەرەر و زیانی ئاوهای بەخۆوە نەبینیوە! بینیمان کاتێک پێشمەرگەکانی ئەم حیزبە ئەمساڵ چۆن لە باکوورەوە تا باشووری ڕۆژهەڵات بە چ شێوەیەک پێشوازیان لێ دەکرا و دەست لەملانی شار و شاخ بەشێوەیەک هاتەئاراوە و جمهووری ئیسلامی بە چ شێوەیەک تەنگی بەژینی هەڵچنرا بوو ئا لێرەدایە شکۆمەندی حیزبی دێموکرات بۆ هەموو ناوچەکە دەرئەکەوێ و جمهووری ئیسلامی دەنگی ناڕەزایەتی خۆی دەرئەبڕێ و هەڕەشە و گوڕەشە تووخاڵیەکانی دێنێتە گۆڕێ بۆ ترساندنی پێشمەرگەی حیزبێک کە هەڵگوردی کردۆتە گوارە و قەندیلی بە ملوانکە لە مل کردووە و ئەمجارەیان تەواو کەری دەنگیان بەشێکە لە شار!

بۆ هەمووان ڕوونە لە چوارچێوەی هزر و ئەندیشەی جمهووری ئیسلامیدا بەبچووکترین ڕەخنە لەو سیستەمە ملهوڕیانە بگیردرێ دەڕۆیتە خانەی محاربەوە و سزای سێدارەت بەسەرا دادەسەپێ! بەڵام خەڵکی بە ڕوانین، بە چۆپی جامانەدا و ئەو لاوە خوێن گەرمانەی کە لە ئاستی ڕێبەریدا بە باڵی نارنجەک خۆیان دەکەنە قوربانی خاک و نامووس و کەرامەتی مرۆڤایەتی تارمای ترس و ئەو دڵە ڕاوکێیە لە مێشکی خۆیان وەدوور نا و تێگەیشتن لەوەی کە ئەمجارە پاڵیان بە قەڵافەتی چیاکانی زاگرۆسەوە نیاوە،

دێموکرات لە بەهاری ئەمساڵەوە دیسانەوە خەریکی ڕسکانی ئەو بەرهەمەیە کە کورد بەپانتایی مێژوو ختوورەی پێوە دەکات! وشیاری و ئاگایی نەتەوەی کوردیش ئێستە بەو ڕادەیە گەیشتووە دەزانن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا تا جوغرافیایەکی کوردی نەبێت ژئۆپۆلۆتیکی ئەو ناوچەیە ناتوانێ قسە لە بابەتی ژئۆئستراتیژیکی وەک دێموکراسی و سۆسیالیزم بکا بۆیە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو کات سەلماندوویەتی کە ئیرادەی ئەمڕۆیان لێبڕاوترە لە ئیرادای دوێنێیان.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە