چەکدارانی سوپای پاسداران لە سەلاسی باوەجانی کۆڵبەرێکیان بریندار کرد

16:37 - 3 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی کوشتن و بریندار کردنی هاووڵاتییانی مەدەنی و کۆلبەرانی سەر سنوور بە دەستی هیزەکانی سوپای پاسداران، کۆڵبەریکی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بەدەسی چەکدارانی سوپای پاسداران بووە قوربانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، سەر لەبەیانیی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢ی گەلاوێژ کۆڵبەرێکی کورد بەناوی (حەبیب قادری) خەڵکی ناوچەی سەلاسی باوەجانی تەقەی هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران بریندار کرا.

بە وتەی شایەتحاڵان، ئەو کۆڵبەرە کوردە هەڵگری ٢ دەبە سووتەمەنی بووە، کە بەبێ ئاگادار کردنەوە، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بە بیانووی \"قاچاخی سووتەمەنی\" تەقەی لێکرا و بە توندی برینداریان کرد.

دەگوترێت، ئەو کۆڵبەرە کوردە خێزاندا بووە، کە لە رووی ناچاری و بەهۆی هەژاری و بێ دەرەتانییەوە رووی لە کۆڵبەری کردنی سەر سنوورەکان کردبوو.

هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکان، بەهۆی بێکاری، هەژاری و گرانیی لە رادەبەدەر روو لە کۆڵبەریی سەر سنوورەکان دەکەن، کە زۆر جار بەرەوڕووی تەقەی هێزە نیزامییەکان و هەروەها تەقینەوەی مینی چێنداروی ئەو هێزانە دەبنەوە.