چەند کەسێکی فارس هێرشیان کردە سەر لاوێکی کورد

10:37 - 31 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: چەند کەسێکی ئێرانی لە کەمپی پەناخوازانی بووسنی، هێرشیان کردە سەر لاوێکی کورد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ٢٩ی خەرمانان، لاوێکی کورد بە ناوی "هەڵۆ کوردستان" لە کەمپی "بێهاشـ"ـی وڵاتی بووسنی، لە لایەن چەند کەسێکی ئێرانییەوە، هێرشی کرایە سەری و بریندار کرا.

بریندارکردنی ئەو لاوە کوردە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە لەو کەمپە باس لە شوناسی نەتەوەیی لە ئێران کراوە و ئەو لاوە کوردەش خۆی بە کوردستانی پێناسە کردووە و باسی لە سەربەخۆیی کوردستان کردبوو.

ئەو چەند کەسە ئێرانییە، پاش مشت و مڕ لەگەڵ "هەڵۆ کوردستان"، بە چەقۆ هێرش دەکەنە سەری و پاش بریندارکردنی، شوێنی ڕووداوەکەیان بەجێ هێشتووە.

ناوبراو لە لای پۆلیسی ئەو کەمپە سکاڵای تۆمار کردووە و لەگەڵ کەمتەرخەمیی پۆلیس بەرەوڕوو بووەتەوە.