چوار چالاکی ئەدەبی لە بۆکان دەسبەسەر کران

16:59 - 27 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: چوار چالاکی ئەدەبیی خەڵکی شاری بۆکان، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی ڕەزبەر، چوار چالاکی ئەدەبیی کوردی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی "ژاکا ئیسماعیلپوور، سمکۆ مەعرووفی، هومەن فەیزی و شاهۆ خزری"، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە، دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چوار چالاکە کوردە، دوای کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بۆ پشتیوانی لە کوردستانی ڕۆژئاوا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی بۆکانەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کراون.

ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد: "لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییانە، خانووەکانیشیان لە لایەن ئیتلاعاتەوە پشکنینی بۆ کراوە".

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەم چوار هاووڵاتییە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ بەسەر دەبەن و تا ئێستا هۆکاری دەسبەسەرکردنیان ڕوون نەبووەتەوە.