چوار هاووڵاتیی کورد لە ناوچەی مەرگەوەڕ، دەسبەسەر کران

16:50 - 10 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی پووشپەڕ، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر گوندەکانی \"باوان و فلەکان\" و چوار هاووڵاتیی خەڵکی ئەو دوو گوندەیان دەسبەسەر کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، \"عارف محەممەدی، \"عابید محەممەدی\" و \"حەسەن بەراتی\"، خەڵکی گوندی باوان و \"سەرهەنگ بابەکری\" خەڵکی گوندی فلەکان، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەم چوار هاووڵاتییە کوردەدا، دەستیان بە لێدان و ئازار و ئەشکەنجەی ئەوان کردووە\".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو کە لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابروودا، گوشار بۆ سەر بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران لە ناوچەی مەرگەوەڕی شاری ورمێ ڕووی لە زیادبوون کردووە و چەند جار ئەو بنەماڵانە بانگهێشتی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان کراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.