چوار هاووڵاتیی کورد بە چوار ساڵ زیندان مەحکووم کران

15:52 - 30 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، چوار هاووڵاتیی کوردیان بە چوار ساڵ زیندان مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی ڕەزبەر، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی: "هێمن محەممەدیان، پووریا ناسری، یادگار جەعفەری و یاسین کەریمی"، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە چوار ساڵ زیندان مەحکووم کران.

بەپێی حوکمی ڕاگەیەندراو، ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە، هەر کام و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ساڵێک زیندان مەحکووم کراون.

ئەم چوار لاوە کوردە، ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، هاوکات لەگەڵ ٣٠هەمین ساڵیادی تێرۆری "دوکتور قاسملوو" ڕێبەری کاریزماتیکی گەلی کورد، لە شاری سنەدا و لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

ئەم چوار لاوە کوردە پاش یەک ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرابوون.

ئەم لاوانە لە پەیوەندی لەگەڵ لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕدا، لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.