چوار هاووڵاتیی پیرانشاری بۆ ئیتلاعاتی سپای ورمێ ڕاگوێزران

13:52 - 2 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: چوار هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری پیرانشار دوای دەسبەسەرکرانیان بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ ڕاگوێزران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"باپیر بەرزە، ئەسعەد مەحموودی، شێرکۆ عەلیمحەممەدی و کەیوان نژادڕەسووڵ\"، خەڵکی شارستانی پیرانشار دوای دەسبەسەرکرانیان بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێ ڕاگوێزران.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو دەسبەسەرکراوانە بۆ ئاگاداریی لە چارەنووسی کوڕەکانیان؛ هەتا ئێستا هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە. هاوکات هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەیان ئەشکەنجە داوە.

ئەو چوار کەسە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ، بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون.

لەو پێوەندییەدا، ٢٠ی سەرماوەزی ئەمساڵ، لاوێکی کورد بە ناوی \"سلێمان محەممەدنژاد\"، تەمەن ٢٠ ساڵ، خەڵکی گوندی \"گەرگوول\" سەر بە شاری پیرانشار، لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.