چاپی کتێبی \"کوردستان و کورد\" بەرهەمی دوکتور قاسملوو لە تورکیە قەدەغە کرا

13:54 - 4 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزاییی وڵاتی تورکیە حوکمی قەدەغەکردنی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی \"کوردستان و کورد\"، بەرهەمی ڕێبەری کاریزمای کورد دوکتور قاسملوو و دوو بەرهەمی دیکە سەبارەت بە مێژووی نەتەوەیی کورد دەرکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەزگای قەزایی دەوڵەتی تورکیە لە حوکمێکدا ڕایگەیاندووە، کە سێ بەرهەمی مێژوویی سەبارەت بە مێژووی نەتەوەی کورد بەتایبەتی \"کوردستان و کورد\"، بەرهەمی دوکتور قاسملوو، ئیزنی چاپکردنی نییە.

ئەم حوکمە دادگایەک لە کوردستانی تورکیە دەری کردووە و کتێبەکانی \"کوردستان و کورد\" بەرهەمی دوکتور قاسملوو، \"بزووتنەوەی نەتەوەی کورد\" بەرهەمی کریس کوچێرا و \"شۆڕشی کوردەکان\" سەبارەت بە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری بەرهەمی جەلیل جەلیل، قەدەغە کراوە.

ئەم سێ بەرهەمە بە تۆمەتی \"تێکدانی بێروڕای گشتی و دژایەتی لەگەڵ تورکیە\"، لە لایەن دەزگای قەزایی ئەو وڵاتەوە، چاپکردنیان قەدەغە کراوە.

ئەو سێ بەرهەمە لە لایەن دەزگای بڵاوڤۆکی \"ئاوێستا\" چاپ و بڵاو کراوەنەتەوە و پێشتر دەزگای قەزاییی دەوڵەتی تورکیە ٩ بەرهەمی دیکە کە لەم ناوەندە چاپ و بڵاو کرابووەوە، قەدەغە ڕاگەیەندراوە.

دوکتور قاسملوو نووسەری \"کوردستان و کورد\"، ئەرکی ئەم کتێبە بە ناساندنی دوو چەمکی کوردستان و کورد بە خوێنەران پێناسە دەکات و کوردستان و کورد بەبێ دەسکاریکردن بە خوێنەرانی دەناسێنێت.

ئەو کتێبە، کتێبێکی لێکۆڵینەوەیی ئابووری_سیاسییە، کە نووسەر لەو کتێبەدا ئاماژەی بە مێژوو و جوگرافیای کوردستان کردووە.

نووسینی ئەو کتێبە لە ساڵی ١٩٥٧ دەستی پێ کرد و لە ساڵی ١٩٦٢زایینی ئامادەی چاپ کراوە و لە ساڵی ١٩٦٣ی زایینی، ناوەندەی بڵاوکراوەی ئاکادمی زانستی چێکۆسولواکی لە شاری پراگ ئەو کتێبەی بە زمانی چێکی چاپ و بڵاو کردووەتەوە.

هەروەها کتێبی کوردستان و کورد دوو جار وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی و لە لایەن ناوەندی کێلتزی لەندەنەوە چاپ و بڵاو بووەتەوە. کتێبی کوردستان و کورد بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٧زایینی لە سەر چاپی ئینگلیزی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی و لە ساڵی ١٩٧٠ی زایینی، بەبێ ئاگادار بوونی نووسەری ئەو کتێبە، بڵاوکراوەیەکی لوبنانی لە شاری بەیروت چەند پاژێکی لەو کتێبە بڵاو کردبووە.

هەروەها لە ساڵی ١٩٦٩ی زایینی کتێب و زانستی وڵاتی لەهستان لە شاری وەرشۆ کتێبی کوردستان و کوردی بەپێی چاپی ئینگلیزییەکەی بە زمانی لەهستانی وەرگێڕاوە و چاپ و بڵاو کردووەتەوە.

پاش تێپەڕینی ١٠ ساڵ بەسەر نووسین و بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە بە چەند زمانێکی بێگانەدا، سەرئەنجام ئەو کتێبە لە لایەن مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە بە زمانی کوردی لە زاراوەی سۆرانی و لە لایەن عەلی شێر و سەلیم زەنجیری بە زاراوەی کرمانجی وەرگێڕدراوە.

کتێبی کوردستان و کورد، لە لایەن تەهای عەتیقی لە زمانی کوردی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی و چاپ وبڵاو بووەتەوە.