چالاکێکی کرێکاریی کورد ڕەوانەی زیندانی شاری سەقز کرا

14:11 - 7 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کرێکاریی کوردی، خەڵکی شاری سەقز، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانەکەی، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٦ی سەرماوەز، \"عێزەت نەسری\" چالاکی کرێکاریی کورد، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانەکەی بەپێی حوکمی دادگوستەریی شاری سەقز، خۆی بە ناوەندە قەزایییەکان ناساند و بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزراوە.

ئەو چالاکە کرێکارییە کوردە، ڕێکەوتی ٢ی بەفرانباری ساڵی ٩٦، لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانباری هەمان ساڵ، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سەقز، بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" دادگایی کرا و بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.

عێزەت نەسری، ٢٦ی بەفرانبار ساڵی ڕابردوو، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.