چالاکێکی کرێکاری پاش ١٢ ڕۆژ دەسبەسەری، چارەنووسی ناڕوونە

13:26 - 25 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کرێکاری کوردی خەڵکی شاری سنە، پاش ١٢ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، "کامران ساختمانگەر"، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە، پاش ١٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە کرێکارییە پاش دەسبەسەرکرانی هەتا ئێستا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە ئیجازەی پێ نەدراوە کە لەگەڵ بنەماڵەکەی پەیوەندی بگرێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە سەرەڕای بەدواچوونی بنەماڵەی "ساختمانگەر" بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ئەو چالاکە کرێکارییە، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک سەبارەت بە "کامران ساختمانگەر"، خۆیان دەبوێرن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانی ئەو چالاکە کرێکارییە لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی خەرمانان، دوو چالاکی کرێکاری بە ناوەکانی "کامران ساختمانگەر و سەید عەلی حوسێنی"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، لە نزیک شاری سەقز دەسبەسەر کران.