چالاکێکی کرێکاری لە شاری سنە دەسبەسەر کرا

12:35 - 23 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: هێزە لیباس شەخسییەکان لە شاری سنە، چالاکێکی کرێکارییان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ٢٢ی خەرامانان، چالاکێکی کرێکاری بە ناوی "نەبەز (کاوە) کیانپوور" خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە کرێکارییە بەبێ بەڵگەی یاسایی بووە و لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی خەرمانان، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "فەرهاد نووری، پەرویز نووری، سەفەر نووری و عەلی عەزیزی"، خەڵکی گوندی "ئەنبێـ"ـی ناوچەی تەرگەوەڕ، پاش ٢٧ ڕۆژ لە دەسبەسەری لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزران.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، لە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.