چالاکێکی کرێکاری بە شەش ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

14:06 - 14 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کرێکاری خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی شاری تاران بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، \"بێهنام ئیبراهیم‌زادە\" چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی شاری تاران بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە، پاش وەرگرتنی ئەو ئاگادارکردنەوە لە لایەن دادگاوە، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕەشەممە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تەمەنی هەتا کاتی دادگایی کردنەکەی لە زیندانی ئیڤین ئازاد کرا.

لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی شاری تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر \"ئیمان ئەفشاری\"، بێهنام ئیبراهیم‌زادەی بە تۆمەتی \"ئەندامبوون لە گرووپ و دەستەکان بۆ تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی\"، بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگای ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی نیزام\"، بە یەکساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.

ماڵپەڕی هێرانا لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە: \"بەپشتبەستن بە مادەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ ئەو چاڵاکە کرێکارییە، دەبێت جێبەجێت بێت. هەروەها لە بەشێکی ئەو حوکمەدا، وەکوو سزای تەواوکەر، بێهنام ئیبراهیم‌‌زادە، دەبێت سێ بەرگ کتێبی دادنامە، بخوێنێتەوە و بینووسێتەوە\".

ئێوارەی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەز، بێهنام ئیبراهیم‌زادە، چاڵاکی کرێکاری لە لایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری تاران لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا.

ئەو چاڵاکە کرێکارییە ٢٠ی خەرمانانی ئەمساڵ، بە دانانی بارمتەی ٤٠ میلیۆنی هەتا کاتی دادگاییەکی ئازاد کرا. ڕۆژی هەینی ٢٦ی گەلاوێژ، \"بێهنام ئیبراهیم‌زادە\"، چالاکی کرێکاری و مافی منداڵان لە لایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری کرماشان دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئەو چاڵاکە کرێکارییە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەری ئەمساڵ، لە دادگایەکی \"غیابی\" لە شاری کرماشان بە ١٨ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئیبراهیم‌زادە، لە ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لە شاری شنۆ لە دایکبووە و لە ساڵی ٨٧ هەتا ئێستا چەند جار دەسبەسەر و زیندانی کراوە.