چالاکێکی کرێکاری بۆ زیندانی ناوەندی شاری سنە ڕاگوێزرا

17:16 - 5 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کرێکاری کورد خەڵکی شاری سنە، بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکێکی کرێکاری بە ناوی \"تەوفیق محەممەدی\" پاش ٤٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە، ڕاگوێزرا.

کومیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لەو بارەیەوەی بڵاوی کردەوە، \"لێپرسی لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری سنە، لە دانانی بارمتەی بۆ ئازاد کردنی ئەو چالاکە کرێکارییە کوردە، دژایەتی کردووە، لە ئازادی کاتی ناوبراو هەتا کاتی دادگاییەکەی پێشگیری کردووە.\"

ئەو چالاکە کرێکارییە ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕەشەممەی ساڵی ٩٧، لە کاتی کار کردن لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کرابوو.