چالاکێکی مەدەنیی کورد بە ساڵێک زیندانیی تەعزیزی و دوو ساڵ "ممنوع‌الخروجـ"ـی مەحکووم کرا

12:19 - 22 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری "پاوە"، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری و دوو ساڵ "ممنوع‌الخروجـ"ـی لە ئێران، مەحکووم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، "عیرفان ڕەشیدی"، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری پاوە، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری و دوو ساڵ "ممنوع‌الخروجـ"ـی لە ئێران، خۆناساندن و واژۆدانی بەردەوام بە ئیدارەی ئیتلاعات بۆ پشتڕاستکردنەوە لە ئەنجامنەدانی چالاکیی سیاسی و مەدەنی بۆ ماوەی دوو ساڵ، مەحکووم کرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی پووشپەڕی ساڵی ٩٧، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە هێرش کردنەسەر ماڵی ئەو ئەندامە ژینگەپارێزەی "ژیوای پاوە"، ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەو چالاکە مەدەنییە کوردەیان بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تاوانبار و پاش دەسبەسەرکردنی، بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کرماشان ڕاگوێزرا و پاش ٩ ڕۆژ لێپرسینەوە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی پووشپەڕی ٩٧، بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.