چالاکێکی مەدەنی کورد دادگایی کرا

14:22 - 25 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: دادگایی کردنی چالاکێکی مەدەنی کورد لە شاری سنە، بە بەشداری بەشێک لە چالاکانی مەدەنی کورد و نوێنەری دادستانی شاری سنە لە لقی دووی دادگای ئیقلاب بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٤ی خاکەلێوە، دادگایی کردنی موختار زارعی، چالاکی مەدەنی کورد خەڵکی شاری سنە، بە تۆمەتی \"بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران، پڕوپاگەیاندە دژی نیزام\" لە لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بەڕێوەچوو.

دادگایی کردنی ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە، بە سەرۆکایەتی دادوەر \"شەرەفی\" و بەبەشداری ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و نوێنەری دادستانی شاری سنە، بەڕێوەچوو.

مازیار تاتایی، پاریزەری موختار زارعی، ڕاگەیاندووە: لەو دادگایی کردنەدا، کاتی پێویست بۆ دادکۆکیی و ڕوونکردنەوەی تۆمەتەوەپاڵدراوەکانی ئەو چالاکە مەدەنییە، بە موختار زارعی و پاریزەرەکانی درابوو.

مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری سنە، حوکمی سێ ساڵ زیندانی تەعزیری بە شێوەی غیابی بۆ ئەو چالاکە مەدەنییە، بڕیبووە.

موختار زارعی بە تۆمەتی \"بێڕیزی بە ڕێبەری نیزام\" بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری و هەروەها، بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.