چالاکێکی مەدەنی لە شاری مەریوان دەسبەسەر کرا

21:16 - 8 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٥ی گەلاوێژ، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە هێرش کردنە سەر ماڵی چالاکێکی مەدەنیی کورد بە ناوی \"پەروین ئەدوایی\"، ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەو چالاکە مەدەنییە، ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

\"پەروین ئەدوایی\"، لە چەند ساڵی ڕابروودا، لە بیاڤی ژنان و منداڵان و ژینگەپارێزی لە شاری مەریواندا، کار و چالاکی دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، \"جەعفەر پەکەند\"، هاووڵاتیی بۆکانی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی ١٩ی پووشپەڕ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، دەسبەسەر کرابوو.

لەم پەیوەندییەدا، \"شاپوور سۆفیزادە\"، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری ورمێ، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، ڕۆژی ٩ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانەوە، دەسبەسەر کرا. ڕۆژی دووشەممە، ٧ی گەلاوێژ، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە پادگانی \"ئەلمێهدیـ\"ـی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.